پارێزگاری هەولێر: با ڕۆژی ئاڵا بکەینە ڕۆژی پێکەوەکارکردنی لایەنە سیاسییەکان

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارێزگاری هەولێر لە ڕۆژی بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستاندا لەسەر قەڵای هەولێر ڕایگەیاند، با ڕۆژی ئاڵا بکەینە ڕۆژی برایەتی و پێکەوەکارکردنی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەهێزبوونەوەی کورد لە بەغداد لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیدا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لە قەڵای هەولێر ڕایگەیاند: ''پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و بهناماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و تێکۆشەران دەکەین کە بە هەر جۆرێک بێت بوونەتە هۆکاری مانەوەی بەرزیی ئاڵای کوردستان، سڵاویش بۆ ڕووحی شەهیدان دەنێرین کە بە خوێنی ئەوان کوردستان لە ئازادیدا دەژی، ئومێدی زۆریش هەیە بە تەواوی مافەکانی خۆمان بگەین.''
دەشڵێت: ''ڕۆژی ئاڵا با بکەینە ڕۆژی برایەتی و پێکەوەکارکردنی هێز و لایەنە سیاسیەکان، بۆ بەهێزبوونەوەی کورد لە بەغداد، بەتایبەت ئێستا نزیک دەبینەوە لە پێکهێنانی حکوومەتی عیراق، داوای خەڵکی کوردستانیش لەدوای هەڵبژاردن لەپێناو بەهێزیی کوردستان و گەیشتن بە ئامانجەکان و ئەو پێشێلکارییانەی لەڕووی دەستوور و یاساوە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، هێز و لایەنەکان یەکگوتار و یەکڕیز بن.''




