٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. نەزاكەت: لە هیچ وڵاتێكدا ڕاستەوخۆ و بەپەلە هەواڵی مەیدانی جەنگ ناگوازرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- د. نەزاكەت حوسێن، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ڕاگەیاندن ده‌ڵێ، كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، ناكرێت لەم سەردەمی سۆشیالمیدیایەدا هەر كەس و بە ئارەزووی خۆی هەواڵەكانی جەنگ بگوازێته‌وه‌ ده‌شڵێ، دەبێ هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسی جەنگ بكرێت و ئەو میدیایانە سزا بدرێن، كە پابەندی ڕێنماییەكان نابن.

د. نەزاكەت حوسێن، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ڕاگەیاندن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە کە پێویستە هەموو بوارەكانی ژیان میدیا رووماڵیان بكات، بەڵام پرسی جەنگ بە هۆی كۆمەڵێ ڕەهەندەوە، پرسێكی هەستیارە و وابەستەیە بە ئەمنییەتی نیشتیمانی و بەرژەوەندی و سایکۆلۆژیای هاووڵاتییەوە، پرسی جەنگ وابەستەیە بە بواری ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و هەموو ڕەهەندەكانی ژیانی مرۆڤەوە".

نەزاكەت گوتیشی: "رووماڵی جەنگ لە وڵاتانی پێشكەوتوودا بە جۆرێکە، كە بواری ڕۆژنامەگەرییان ڕێك خستووەتەوە، ڕۆژنامەوانی تایبەت بە جەنگیان مەشق پێكردووە و ئامادە كراون، کە لە كاتی جەنگدا بە شێوەیەكی تایبەت مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیارییەكان دەكەن".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئەوەشی خستە ڕوو: "دروستە کە زانیاریی بەرەكانی جەنگ مافی هاووڵاتییانە بیزانن چی لە وڵاتەكەدا ڕوو دەدات و جەنگ گەیشتووەتە كوێ، بەڵام ناكرێت بەبێ فلتەر هەموو زانیارییەك بگوازیتەوە، لە هیچ وڵاتێكی دنیادا ڕاستەوخۆ و بەپەلە و كتوپڕ هەواڵی ناو مەیدانی جەنگ ناگوازرێتەوە، بەڵكو دەبێت هەواڵەكان بە فلتەردا بڕۆن و بزاندرێت لە ڕووی سایکۆلۆژی و ئەمنی نیشتیمانی و قەومییەوە ئەو زانیارییانە زیان دەگەیەنن یان سوود".

"دەبێ لە كاتی جەنگدا ژوورێكی عەمەلیات هەبێت و لایەنی زانیاری و هەواڵ بەرپرس بێت، کە چۆن هەواڵ و زانیارییەكانی جەنگ ڕووماڵ دەكرێت و دەیدات بە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، ناكرێت لەم سەردەمی سۆشیالمیدیایە هەر كەس و مۆبایلێكی پێیە، سەد ئەوەندەی كەناڵەكان پەیجمان هەیە و بە ئارەزووی خۆیان چۆن دەیانەوێت بە لایڤ هەواڵەكانی جەنگ دەگوازنەوە، ئەمانە مەترسین، کە جگە لە كاریگەریی سلبی بۆ سەر كۆمەڵگا، دەبێتە خزمەتکردن بە دوژمن، خۆی لەخۆیدا ئێمە میدیامان مشكیلەیە و ڕێك نەخراوە لە كاتی جەنگدا چی بکات، بۆیە دەردەكەوێت پرسی جەنگ هەستیارە و، لەو كاتەشدا هەست دەكرێت ڕاگەیاندنەكانمان بە شپرزەیی مامەڵە لەگەڵ زانیاری و هەواڵەكانی جەنگ دەكەن". نەزاکەت وای گوت.

سەبارەت بەوەی کە بۆچی بڕیارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕۆشنبیری لە قەدەغەكردنی رووماڵی جەنگ جێبەجێ نەكراون، ناوبراو گوتی: "دەبێ بڕیارەكان جێبەجێ بكرێن و لێپێچینەوە بكرێت و سزا هەبێت بۆ ئەو کەسانەی سەرپێچی دەكەن، هەروەها دەبێت كاتێك بڕیارێك لە وەزارەتێكەوە دەردەچێت، ڕاگەیاندن وابەستەی بێت و دەبێ وەزارەتی ڕۆشنبیری لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەناڵانەدا بكات، كە پابەندی بڕیارەكان نین، کە بێگومان بڕیارەكان لە بەرژەوەندیی نیشتیمانە".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار