٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی یاسایی: دەست بە میكانیزمەكانی پڕۆژەی دەستووری ھەرێم دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا پرسی دەستوور یەكلا بكرێتەوە، ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێ، پەرلەمان لەسەر میكانیزمی نووسینەوەی دەستوور كۆدەبێتەوە.

سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان لەبارەی پرسی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی كوردستان، ھەموو فڕاكسیۆنەكان لە وەڵامەكانیاندا رازی بوونە لەسەر ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی كوردستان و بڕیارە دەستەی سەرۆكایەتی جارێكی دیكە لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان كۆببێتەوە".

ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی دەڵێت: "لایەنەكان لەگەڵ ئەوەدان لەم خولەی پەرلەماندا پڕۆژەی دەستووری ھەرێم ئامادە بكرێت و ھەبوونی دەستوور بە گرینگ دەزانن بۆ ھەرێمی كوردستان، ئەمەش وادەكات دەست بە میكانیزمی نووسینەوەی دەستوور بكرێت".

سارا دڵشاد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بڕیارە بۆ ئامادەكارییەكانی چۆنیەتیی نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و تێیدا میكانیزمی ئامادەكارییەكانی دەستوور دیاری بكات، چونكە لیژنەی ئامادەكاری پێك دێت و دوای نووسینەوەی پڕۆژەكەش، دەخرێتە دەنگدانی پەرلەمان و لەنێو خەڵكیشدا راپرسیی لەسەر دەكرێت، ئاماژەكانیش بۆ ئەوەن لەم خولەی پەرلەماندا بابەتی دەستوور یەكلا بكرێتەوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار