٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پەرلەمان بەدواداچوون بۆ بەشەنەوتی ماڵان دەکات"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکات و جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانیش دەڵێت، دەیانەوێت پەلە بکرێت بۆ ئەوەی ھەموو ماڵێک لە بەشەنەوتی حکوومەت سوودمەند بێت.

گولیزار ڕەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی دووشەممە لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەبارەی پڕۆسەی دابەشکردنی بەشەنەوتی ماڵان کۆ دەبێتەوە، چونکە پێشتر حکوومەت بڕیاری دابوو ھەموو ماڵێک پێش وەرزی زستان سوودمەند دەبێت لە بەرمیلێک نەوت، ڕاستە پڕۆسەکە ماوەیەکە بەڕێوە دەچێت، ڕێژەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییانی ناوچە جیاوازەکان نەوتیان وەرگرتووە، بەڵام لەنێو شار وەک پێویست نییە و نەگەیشتووتە شارە گەورەکان.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی لەگەل بەغدا ھەیە کە بە سێ قۆناغ نەوت بگاتە ھەرێمی کوردستان و دابەشی سەر ھاووڵاتییان بکرێت، بەڵام پڕۆسەی گەیشتنی نەوت لە بەغداوە سستە و پێویستە لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکەدا بکات و پەلە بکرێت لە ڕۆژانی داھاتوو پڕۆسەی دابەشکردن خێراتر بکرێت.''

گولیزار ڕەشید ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە کۆبوونەوەی سبەی لیژنەکەماندا پەیوەندی بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دەکەین و بە یادداشت داواکاریی پەرلەمان دەگەیەنین بە وەزارەت.''

گوتیشی: ''ئەو نەوتەی بە ھاووڵاتییان دەدرێت ھەر بەرمیلێک بە ٨٠ ھەزار لەسەر حکوومەتی ھەرێمە، بەڵام بە نرخی پاڵپشتیکراو بە ٥٥ ھەزار دەیدەن بە ھاووڵاتییان، ئەمەیش ھەنگاوێکی باشە، ئەگەر پڕۆسەکە بەخێرایی بەڕێوە بچێت، چونکە ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕدا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٥٥ ھەزار دینار و ئەگەر حکوومەت دابەشی بکات، کاریگەریی لەسەر بازاڕیش دەبێت.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار