٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مه‌سروور بارزانى: هه‌واڵی شه‌هیدبوونی ژمارەیەک پێشمه‌رگەی‌ قاره‌مان زۆر خه‌مباری كردم

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشی شەوی رابردووی داعش کە بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە و برینداربوونی پێنجی دیکە رایگەیاند، ئەوان  چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی داعش داوە لەو ناوچانە. ئێستاش وەزارەتی پێشمەرگەیان راسپاردووە، ئامادەکاریی زیاتر بکەن بۆ رێگری لە هێرشەکانی داعش. 

دەقی پەیامەکە: 

هه‌واڵی شه‌هیدبوونی ژمارەیەک پێشمه‌رگەی‌ قاره‌مان لە شه‌وی رابردوو لە سنووری کوڵەجۆ، كه‌ لەکاتی بەهاناوەچوونیی هاو‌سه‌نگه‌ره‌كانیان شه‌هید بوون، زۆر خه‌مباری كردم، هاوخه‌می خۆم ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاریان ده‌كه‌م و داواكارم له‌ خودای مەزن، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم.

ئێمه‌ چەندین جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و  خۆڕێكخستنەوەیان بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدرارەی هەرێم، كه‌ سوودیان لەو بۆشاییە ئه‌منییه‌ی لەو ناوچانە هەیە وه‌رگرتووه‌ و بوونەتە مەترسییه‌كی جدی بۆ سەر ئاسایش و دانیشتووانی ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ش پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ كاراتركردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی‌ لەو ناوچانە پڕ بکرێتەوه‌، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پێشمەرگەمان راسپاردووە کە ئامادەکاری زیاتر بکەن و رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ سنووردارکردن و نەهێشتنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی پیشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە.

 

مەسرور بارزانی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار