ئاسۆیەکى نوێ لە پەیوەندیەکانى کوردستان و روسیا، لەپەراوێزى سەفەرە مێژووییەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ رووسیا

لە سەفەرێکى بەرنامەداڕێژراوى فەرمیدا شاندى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆک مەسعوود بارزانى گەیشتنە ڕوسیا وبۆ ماوەى چوار ڕۆژ ، شاندەکە چاویان بە ڤلادیمیر پۆتین سەرۆکى ڕوسیا و سێرگى لاڤرۆڤ وەزیرى دەرەوە و چەندیین بەرپرسی باڵاو ناوەندى بڕیاردانى ڕوسیا کەوتوو، بەم سەفەرەى سەرکردایەتى هەرێمى کوردستان ، ئاستى شێواز و ڕوخسارى پەیوەندییە کۆن و نوێکانى کوردستان و ڕوسیایان گواستەوە ئاستێکى مۆدێرن وپێشکەوتوو، ئەو سەردانە بەواتاى سیاسی-ئابوورى گرینگ و سەرکەتوو لە قەڵەم دەدرێت .
نووسین و گێڕانەوەى پەیوەندییەکانى شۆڕ شى کورد و ڕوسیا ، زۆرتر لەخۆ دەگرێت کە لە وتارێکدا شیبکرێتەوە ، پەیوەندى گەلى کوردستان و سەرکردایەتى شۆڕى کورد و جەنابى بارزانى نەمر ، پێویستى بە چەندین لێکۆڵینەوەى سیاسی-عەسکەرى- کۆمەڵایەتى –فەرهەنگییە ...ئەو پەیوەندیانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانى سەدەى نۆزدەهەم وە بەشێوەیەکى ئەکادیمى و زانستى ڕووسیەکان نووسین و لێکۆلِینەیەى گرینگیان لەسەر ڕەسەن و زمان و مێژووەى کورد و کوردستانیان نووسیوە ، وە پتر لەهەر وڵاتێکى تر و زمانێکى تر لەسەر کورد و کوردستان کتێب چاپکراوە .
کاتێک لە کوردستانى عیڕاق ، بەهێز و هێرشێکى گەورە بارزانى نەمر و پێشمەرگەکانى ناچاردەکرێن وڵات بەجێبهێڵن ، جەنابى مەلا مستەفا ، شەڕ لەگەڵ هێزى داگیرکەر دەکات و وەکوو یەکەمین پەناهەندەى سیاسی کورد ، ڕوو لە ڕوسیا دەکەن و بۆ ماوەى 12 ساڵ لە ڕوسبا دەمێننەوە.
پەیوەندییەکانى شۆڕى کورد و ڕووسیا زۆر قۆناغى جیاجیاى بەخۆوە بینیوە ، بەڵامبەشێوەیەکى گشتى : سیاسەت و بیرو بوچچوونى ڕووسەکان ، هەمیشە پۆزەتیڤ بووە هەمیشە ویستویانە( لەگەڵ ئەوەش ، پاراستى تەوازنەکان زۆر ئەستەم بووە ، بەڵام هەمیشە یارمەتى شۆڕشى کوردیان داوە ) .
کوردستان کەوتۆتە زۆنى ڕووسی( ناوچەى کاریگەرى سیاسەتى ڕوسیا ) چەک و ئامێر و تەکنەلۆژیاى ڕووسیا ئامادەگى گەورەى هەیە لە عیڕاق بەگشتى ، لەگەڵ ئەوەش لە دونیاى سیاسەت و ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، ئەمریکا وەکوو زلهێزێکى جیهانى بوون و ئامادەگى هەیە- بەڵام ڕوسیا وڵاتێکى گەورەیە لە حیساباتى سیاسی و جیهانییدا .
من هەمیشە پێم وبووە کە سەرکردایەتى هەرێمى کوردستان ، حەق نیە هەموو تۆپەکان بخاتە ناو یەک سەبەتەدا ، لە ناوچەکەماندا وڵاتى گرینگ و زلهێزى تر هەن ، جگە لە ئەمریکا ، ئەوڕوپا و ڕوسیا هەن ، وە یەکییەتى ئەوڕوپا ، پەیوەندى ستراتیژى لەگەڵ ڕوسیادا هەیە ،ئیمڕۆکە ڕوسیا قوورساى نێودەوڵەتى هەیە- لە ئەوڕوپا و لە جیهاندا .
لە سیاسەتى دەرەوەى ڕوسیا و یەکیەتى سۆڤیەتى جاراندا ،زۆر جار هەبووە کە بەرژەوەندى تایبەتى ڕوسەکان گرینگتر ڕەنگى داوەتەوە ، ئەمەش مەسەلەیەکى ئاساییە ، هەموو وڵاتێک و زلهێزێک لە قۆناغێکى تایبەتدا ، ئەو جۆرە بڕیارانە دەدات ، بەڵام ئەوەى تایبەت بێت بە ڕووسیا ،بەهۆى کاریگەرى بەهێزى لەسەر وڵاتانى جیهان و ناوچەکەدا ، زۆر جار گۆڕینى سیاسەتى دەرەوەى خۆى پێویستى بەکاتێکى زۆر بێت ، ئەمەش ڕێک شێوازى کارکردنى ڕووسەکانە .
دواجا پێشوازیکردنى سەرۆک بارزانى و شاندى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لە کرێملێن و لەو ئاستە بەرزەدا ، واتایەکى گەورە و ستراتیژى گەورەى هەیە ، پێشوازیکردنى سەرکردایەتى ڕوسیا لە سەرۆک بارزانى ،ئیعتیڕافێکى مێژوویى گەورەیە بە هەقانیەتى خەبات و مەسەلەى کورد لە جیهاندا ، ئەو پێشوازییکردنە ، دووبارەپێشوازیکردن بوو لە بازانى نەمر و ڕۆڵى خانەوادەى بازانییەکان لە شۆڕشى کورد .
بۆ گەشەپێکردنى ئەو پەیوەندییانە ، هەرێمى کوردستان و ڕوسیا دەتوانن ، پشت بە فاکتەر و هێزى ئابوورى گەورە ببەستن ، عیڕاق و هەرێمى کوردستان ، دەتوانن لە بووارى جیاجادا ، وەکوو نەوت و پێشەسازى و گەشتوگوزار و زانستى ، پەرە بە پەیوەندیەکانی هەردوو گەلى کورد و ڕوسیا بدەن ،میللەتى ڕوسیا نەوەکوو لە ئاستى جوگرافیا نزیکە لە میللەتى کورد ، بەڵکوو وەکوو نەسڵیش ڕووسەکان لە زمان و مێژوو و دابوونەڕیتیش زۆر لەیەکەوە نزیکن.
سەردانى شاندى باڵاى سەرکردایەتى هەرێمى کوردستان ، دەرگایەکى گەورەى لە پەیوەندییە مێژوویەکانى کورد و رَِوسیاى کردەوە ، ئێستاکە ئەرک و بەرنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستانە ، کاربکەن بە بەرنامەڕێژى ، بەهاوکارى یارمەتى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان ، بە نەخشەسازى ( سیاسەتى ڕووسی) لە لایان حکومەتى هەرێمى کوردستان ،بۆ کارکردن لەپێناو زیاتر پێشکەوتنى پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانى حکونەتى هەرێم و ڕوسیا لە بووارى وزە و پێشەسازى و بازرگانى و گەشتووگوزار و هەموو بووارەکانى ترى ئابوورى ، وە لە بوارى بیناسازى و درووستکردنى ڕێگاوبان و باڵەخانەکاندا ، ڕووسەکان خاوەن تایبتمەندی خۆیانن ، دەتوانیین سوودیان لێوەربگرین .
لە دونیاى سیاسەتدا ، ئیمڕۆکە ، ڕوسیا و ئەمریکا و یەکیەتى ئەوڕوپا هەن ، کە کاریگەرى ڕاستەوخۆیان هەیە لە هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا ، هەروەهاش لە ئابوورى نێودەوڵەتیشدا ، ڕوسیا بە یەکێک لەن کۆڵەگەکانى ئابوورى نێودەوڵەتى دائەنرێت ، بەتایبەتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە ئەوڕوپا .
ئیمڕۆکە پەیوەندەکانى کورد و ڕووسەکان ، بە پاڵپشتى فاکتەرى ئابوورى بەرەو قۆناغى زۆر پێشکەوتوو و باڵا و ستراتیژى ڕێدەکەوێت ، پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان ، پلانێکى گەورەى هەبێت و مەبەستیش پتر و باشتر خزمەتکردنى میللەتى کوردستان و ڕوسیایە ،
ئەو دۆستایەتیە دێرینى نێوانیشمان هەر ئەوەى لێ قابیلە.
خەسرۆ پیرباڵ




