بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێك دینار سێ قوتابخانە لە زاخۆ تەواو دەكرێن

زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی زاخۆ رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ملیارێك و ٤٩٠ ملیۆن دیناری تەرخان كردووە، بۆ ئەوەی سێ قوتابخانەی تەواونەكراو لە زاخۆ، تەواو بكرێن.
ئیبراھیم ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، سێ قوتابخانە كە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا دەست بە دروستكردنیان كرابوو و بە ھۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون، ئێستا جارێكی دیكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پارەی بۆ تەرخان كردوون، بۆ ئەوەی تەواو بكرێن.
ئەنوەر گوتیشی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ملیارێك و ٤٩٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كردوون، بۆ ئەوەی ھەر سێ قوتابخانەكە تەواو بكرێن، كە ئەوانیش لە كۆمەڵگای هیزاوا و تلكەبەر و ١٢ملانێن و، ھەر یەكەیان بە رێژەیەك دروست كراون، بەڵام رێژەی تەواوكردنیان زۆر نییە و ئێستا كە پارەیان بۆ تەرخان كراوە، تەواو دەكرێن و دەكەونە خزمەت خەڵكی ناوچەكەوە.
بڵند ئیبراھیم




