٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و میرى قه‌ته‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان و دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

قه‌ته‌ر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2021/10/17 له‌ ده‌وحه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز خاوه‌نشكۆ شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال سانى، میرى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاوه‌نشكۆ میرى قه‌ته‌ر دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عیراق ده‌ڕوانێت و ئارامى و سه‌قامگیریى عێراقى به‌لاوه‌ گرنگه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌ى بۆ‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمى كوردستان و عیراق به‌تایبه‌تى له‌ بواره‌كانى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێناندا ده‌ربڕى.

به‌ڕێزیان خۆشحاڵیى خۆى نیشان دا كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ عیراق به‌ ئارامى به ڕێوه‌ چوو و جه‌ختى له‌ خواستى قه‌ته‌ر بۆ فراوانكردنى بواره‌كانى هاریكاریى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى دوا سه‌ردانى خۆى بۆ به‌غدا باس كرد و هیواى خواست له‌ هاتنى ئه‌مجاره‌یدا بۆ عیراق، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ریى قه‌ته‌ر، خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى بكات، بۆ ئه‌مه‌ش یاساى وه‌به‌رهێنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هاریكار و هانده‌ر له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێزیان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عیراق و ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌كانى خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها هیواى خواست حكوومه‌تێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ ژیان و گوزه‌ران و خزمه‌تگوزاریى باشتر بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق دابین بكات.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بارودۆخ و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى كرد و جه‌ختیان له‌ گرنگیى هاریكاریى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى كرده‌وه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار