پێشمەرگەكانی گوڵان بۆ KDP: خەڵكی دەبێت پێش كاك نێچیرڤان بكەون

هەڵەبجە-KDP.info- پێشمەرگەكانی شۆڕشی گوڵان، لە چاڵنجی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێن كە یەكەم كەس دەنگ دەدەن و گرەوەكە لە نێچیرڤان بارزانی دەبەنەوە. ئاماژە بەوەش دەدەن: "ئێمەی پێشمەرگە هەمیشە لە پێشەوە بووین بۆ بەرگری لە پارتیمان و ڕۆژی دەنگدانیش بە دەنگەكانمان پارتی بەهێزتر دەكەین".
ئیسماعیل حەمەسەعید، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە كاك نێچیرڤانبارزانی جێگری سەرۆكی پارتیمان دەڵێم، هەوڵ دەدەم گرەوەكەت لێ بەرمەوە و پێش تۆ دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدەم، سەعات ٦:٣٠ خولەكی بەیانی لە بەردەم بنكەی دەنگدان دەبین و تاكو بتوانم سەعات ٧ لەگەڵ كردنەوەی بنكەی دەنگداندا، دەنگ بدەم".
هوشیار ئەبوبەكر، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، دەڵێ: "خەڵكی دەبێت بەدەم چاڵنجی نێچیرڤان بارزانییەوە بچێت و ڕۆژی دەنگدان دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدات و پێش كاك نێچیرڤان بكەون، بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی كوردستان دەبێت زۆرینەی ڕەهای كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لای پارتی بێت".
ڕێبوار حەمەمین ئەحمەدیش، كە پێشمەرگەیەكی تری خانەنشینی گوڵانە، لای خۆیەوە گوتی: "بە كاك نێچیرڤان دەڵێم، موقەدەری ئیلاهی نەبێت، پێش هەموو كەس لە بەردەم بنكەی سندووقی دەنگدانم بۆ ئەوەی یەكەم كەس بم دەنگی خۆم بدەم، پاشان تەلەفۆن بۆ بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتی دەكەم و پیێ دەڵێم مەكتەبی كاك نێچیرڤان ئاگادار بكەرەوە، پێش ئەو دەنگم داوە و گرەوەكەم لێ بردەوە".
هاوكات عەلی محەمەد دەڵێ: "من پێشمەرگە بووم و هەموو كات لەسەر پێ بووم بۆ سەركەوتنی پارتیمان، لەم دەنگادانەش بەدەم مونافەسەكەی نێچیرڤان بارزانییەوە دەڕۆم و هەوڵ دەدەم پێش كاك نێچیرڤان دەنگی خۆم بدەم، سەركەوتنی پارتی، سەركەوتن و بەهێزیی كوردستانە، بۆیە لێرەوەش دەوا لە هاووڵاتییان دەكەم دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن".
عەزیز ڕەسووڵ




