بەھۆی گرنگیدانی حکوومەت بە کەرتی کشتوکاڵ ئەمەریکا ھاوکاریی ھەرێم دەکات
__2021_09_27_h15m42s28__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- حکوومەتی ئەمەریکا ڕەزامەندیی داوە کە یەک ملیۆن دۆلار بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت، لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستانیش باس لەوە دەکات، بەھۆی گرنگیدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتی کشتوکاڵ، ئەمەریکا ئەو ھاوکارییە پێشکەشی ھەرێمی کوردستان دەکات.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریکا، ئاژانسەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای تۆپ ماونتێن، یەک ملیۆن دۆلاری بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ١٢ مانگ تەرخان کردووە.
ئیحسان محەمەد سەلیم، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستانیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کشتوکاڵ لە ھەموو وڵاتێک جیاوازییەکی زۆر دروست دەکات و کەرتێکی گەورەیە کە گەورەترین سەروەتە، بۆیە کە کەرتی کشتوکاڵت بەھێز بوو، وڵاتیش لە بواری ئابوورییەوە بەھێز دەبێت، وڵاتێکی وەکوو سووریا بودجەیەکی کەمی ھەیە، بەڵام کشتوکاڵی بەھێزە و ئابووریشی بەھێزە، بۆیە لە ھەرێمی کوردستانیش کشتوکاڵ زۆر بەھێز و دەوڵەمەندە و دەتوانین سوودی زۆری لێ وەرگرین، بۆیە گرنگیی پێ بدرێت ئابووریی ھەرێم بەرەوپێشکەوتنێکی باش دەچێت.''
گوتیشی: ''ئەوەی گرنگە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی زۆری لەو کابینەیە بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، بۆیە کار دەکرێت کشتوکاڵ ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داھاتی ھەرێمی کوردستان، چونکە نەک دەبێتە داھات، بگرە کۆمپانیای زیاتر دێنە ھەرێم و کارگە دروست دەکرێن و دەرفەتی کاریش زیاتر دەبێت و بێکاری زۆر کەم دەبێت.''
ئێحسان محەمەد سەلیم گوتیشی: ''لەم کابینەیە گرنگیی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە، بەتایبەت سەرۆکی حکوومەت، ئەمەش وای کردووە ئەمەریکا بێتە سەر خەت و ھاوکاریی ھەرێم بکات لە بواری کشتوکاڵدا.''
بڵند ئیبراھیم




