٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدێکی پارتی: لە بەغدا کار بۆ قەربووکردنەوەی پێکھاتەکانی مووسڵ دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ -KDP.info- کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای مووسڵ گوتی، کار دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی ناوچەکە بکەین کە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە و پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە، چونکە ئەوە مافی خۆیانە.

شەریف سلێمان عەلی، کاندیدی ژمارە ٢٤ی بازنەی دووی مووسڵ کە ناوچەکانی شێخان و تلکێف و فایدە و باشیک دەگرێتەوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە سنووری بازنەی ئێمە بانگەشە زۆر باش بەڕێوە دەچێت و خەڵک پێشوازییەکی باشمان لێ دەکەن و بانگەشە زۆر گەرموگوڕە و ھەموو پێکھاتەکان، بە عەربیشەوە پشتگیریمان لێ دەکەن.''

شەریف سلێمان عەلی گوتیش: ''بچینە بەغدا یەکەم کارمان ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیە بۆ ھەموو پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی، چونکە ئەو خەڵکە زیانی زۆریان پێ گەیشتووە و لەسەر حکوومەتی عێراق پێویستە قەرەبوویان بکاتەوە، چونکە لە ژیانێکی سەختدا دەژین و ئێمە فشارێکی زۆر لە حکوومەتی عێراق دەکەین تاوەکوو قەرەبوو دەکرێنەوە.''

عەلی باسی لەوەش کرد: ''کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کە خواستی ھەموو پێکھاتەکانە، چونکە دەزانن بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان ناوچەکانیان ئاوەدان دەکرێتەوە و ئەمنیەت لە ناوچەکانیان جێگیر دەبێت.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار