وەرزشوانان بۆ KDP: خۆناچەمێنین و دەچین دەنگ بە حەق دەدەین

ھەولێر-KDP.info- وەرزشوانانی کوردستان داوا دەکەن وەرزشوانان بەشداری لە پڕۆسەی دەنگداندا بکەن، چونکە بەژداریکردنی ھەر تاکێکی کورد لەو ھەڵبژاردنەدا سەنگی کورد دیاری دەکات، وەرزشوانێکیش پێی وایە، کەس ھێندەی پارتی خزمەتی وەرزش و وەرزشوانانی نەکردووە.
سەلام حوسێن، پسپۆری وەرزشی، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "داوا لە ھەموو وەرزشوانانی کوردستان دەکەین لە ڕۆژی ١٠ی١٠ ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن، چونکە ھەڵبژاردنێکی چارەنووسازەو چارەنووسی میللەتەکەمان لە مەترسیدایە، بە تایبەتی لە لایەنی دەستوورییەوە، بۆیە داواکارم دەنگ بەو کەسانە بدەن کە زمانی عەرەبیان پاراوە، واتا زمانی عەرەبی باش بزانن و یاسا ناسبن و بتوانن مافی دەستووری دابین بکەن، ئەمەش بەو کەسانە دەکرێ کە بەڕاستی خەباتگێڕ و خۆڕاگربن، خۆ نەچەمێننەوە".
سەلام حوسێن، داخی بۆ ئەوەیە ھەتا ئێستا ھیچ وەرزشوانێک نەیتوانیوە نوێنەرایەتی وەرزشوانانی کوردستان بکات لە بەغدا بۆ ئەوەی ئەوانیش مافی وەرزشوانان لە یاسای لێژنەی ئۆڵۆمپی پچەسپێنن، چونکە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە وەرزشێکی سەربەخۆ ھەیەو، بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری بکرێت، وەک ئەوەی کە دەبینین وڵاتانی جیھان بە تایبەتی لە کەتەلۆنیا یاخود لە ھەرێمەکانی ئیتالیا وەرزشوانەکانی ھەرێمەکان مافێکی تەواوی وەرزشیان ھەیە. ناوبراو جەختیش دەکاتەوە، وەرزش باشترین کارە بۆ ئەوەی نیشتمانەکەت بە جیھان بناسێنی، وەرزش بە سیاسەتەوە پابەندە، وەرزش واتا سیاسەت.
ناڵە سوپەر جلال بەگ، مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزش، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەتا من ھیچ لەگەڵ ئەو قسەیە نیم کە دەڵێن وەرزش دوورە لە سیاسەت، وەرزش بەشێکی زۆر گرنگە لە سیاسەت لە دونیای تەکنەلۆژیادا، ئێستا لەسەرانسەری دونیادا وەرزش سیاسەت دەکات ھەتا ڕادەیەک، بۆیە ئێمە وا بیردەکەینەوە ئەو وەرزشکارانەی کە زۆر کورد پەروەرن بڕیار لەوە نادەن کە دەنگ نەدەن، چونکە بەژداریکردنی ھەر تاکێکی کورد لەو ھەڵبژاردنەدا سەنگی کورد دیاری دەکات، داوا لە وەرزشوانان دەکەم بچن دەنگبدەن، من یەکێکم لەوانەی دەچم دەنگدەدەم بە حەق".
ناڵە سوپەر نایشارێتەوەو دەڵێت، دەنگی من بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەو پێی وایە، لە ھەرێمی کوردستان بە تایبەت ھەولێری پایتەخت و لە پارێزگای دھۆکیش وەرزش تاڕادەکی زۆر پێشکەوتووترە لە چاو پارێزگای سلێمانی، ئەوە دەلالەتی ئەوەیە بەھۆی دەسەڵاتداربوونی حیزبێک لە ناوچەیەکی دیاریکراو ڕێگەنەدراوە ئەو خزمەتگوزاریانەی کە لە ھەولێر و دھۆک پێشکەش دەکرێت پێشکەشی پارێزگایەکانی دیکە بکەن، سەبارەت بە ئاستی وەرزش لە نێوان عێراق و کوردستاندا، ئەو خانمە وەرزشوانە ئاماژە بەوەشدەکات، کاتێک خوڵەکان بەڕێوەدەچن بە تایبەتی خولی فوتبۆڵی کچان، تەواوی بەرپرس و یاریزان و ئیداریەکانی عێراق سەرسام دەبن بەو ئەمن و ئاسایشەی لە کوردستان ھەیە، بە تایبەت بۆ ئەو ڕێکخستنە جوانەی کە لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت بۆ تەواوی پاڵەوانیەتیەکان، ھەڵبەت ھەموومان دەزانین عێراق سەقامگیر نیە، ئەگەر بێت و جودای بکەینەوە، ئەوا کوردستان بە ئاستێکی زۆر گەورە لە پێش عێراقەوەیە بۆ ئەمن و ئاسایش، سوپاس بۆ خوا ئەوەش بە ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دەزانم وە ھێزی یەکەم تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ھاوکات جەلال سەعید، کە وەرزشوانێکی دەڤەری سۆرانە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وەک وەرزشوان و چ وەک ھاووڵاتیەکی ئەم وڵاتە پێم وایە ئەوەی دەنگ نەدا زوڵم لەخۆی دەکات، ھاوکات پێی وایە ھیچ حزبێک لە پارتی دیموکراتی کوردستان باشتر نیە لە کوردستان، چونکە پارتی لە کاتی تەنگانەو لێقەومان دوژمن و دۆست دەپارێزێت".
ناوبراو دەشڵێت: "وەرزش پێناسەی نەتەوەو ژیانە، وەرزش گوزارشتی نەتەوەو نیشتمان دەکات نەک سیاسەتی حیزبەکان، ھاوکات ئەو حیزبەی ھاوکاری و پشتگیری وەرزش دەکات واتا ئەو حیزبە خۆی پێناسەی نەتەوەو نیشتمانە، بە بەڵگەوە پێم وانیە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو کەس ھێندەی پارتی خزمەتی وەرزش و وەرزشوانانی کردبێت، بێگومان کەموکوڕیش ھەیە بەڵام من کەموکوڕیەکان بۆ بێ دەوڵەتی کوردستان دەگەرێنمەوە".
ھەڵکەوت محەمەد




