٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

میرڤەت ئەحمەد: ناسنامە بۆ کوردانی فەیلی دەگەڕێنینەوە

سەرچاوە: KDP.info

پارتی ژمارەیەک کوردی فەیلی کاندید کردووە بۆ ئەوەی لە چوار ساڵی داھاتوو کار بۆ کوردانی فەیلی بکەن و کاندیدێکی پارتی لە دیالە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، تا ئێستا قوتابخانەی کوردی لە مەندەلی نییە و پارتی کار دەکات کوردانی فەیلی بە مافەکانیان شاد ببن.

میرڤەت ئەحمەد شوکر، کاندیدی ژمارە ٢٠ی پارتی لە بازنەی دووی دیالە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن، ئێمەش وەک پارتی لە سنووری پارێزگای دیالە دەستمان بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە، ھەرچەندە ئاستەنگ بۆ بانگەشەی ئێمە درووست دەکرێت، بەڵام سەر کەوتووین بەسەر ئاستەنگەکاندا و جەماوەری دیالە، بەتایبەتی کوردانی فەیلی پێشوازییان لە کاندیدی پارتی کردووە.''

ئەو کاندیدەی پارتی لە دیالە گوتی: "ناوچە کوردییەکانی دیالە وێران کراون و پێویستیان بە ئاوڕدانەوەیە، لەبەر ئەوەش ئەگەر ئێمە متمانەی دەنگدەرانی سنووری دیالە بەدەست بێنین ئەوە ھەموو ھەوڵێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەدەین، بەتایبەت مەندەلی دەکەینەوە بە قەزا کە پێشتر لە قەزاوە بە بڕیارێکی سیاسی کراوەتەوە ناحیە، ھەروەھا قوتابخانەی کوردی لە مەندەلی دەکەینەوە، چونکە ئێستا قوتابییانی سنوورەکە بۆ خوێندنی کوردی دوو کاتژمێر ڕێگا دەبڕن تا دەچنە قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە خانەقین.''

میرڤەت ئەحمەد شوکر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتی کار دەکات بۆ ئەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی و ناسنامە بۆ کوردانی فەیلی بگەڕێتەوە، چونکە دوای ئەوەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس زۆربەی کوردانی فەیلی ناسنامەی عێراقیان لێ سەندرایەوە و ئێستا کێشەیان بۆ دروست بووە، لە ڕابردووشدا پارتی ھەمیشە لەگەڵ مافە یاسایی و دەستوورییەکانی کوردی فەیلی بووە، ھەروەک سەرۆک بارزانی چەندین جار پشتگیریی خۆی بۆ کوردانی فەیلی نیشان داوە.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار