هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته چى له دۆخى عێراق ده‌گۆڕێت

سه‌رۆکى فرکسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت، ئاماده‌کارییه‌کان بۆ به‌ڕێوه‌چونى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر ئاستى په‌رله‌مان و حکوومه‌ت و کۆمسیۆن به‌رده‌وامه و به‌دڵنیایییەوە هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته له واده‌ی دیاریکراوى خۆیدا به‌ڕێوه ده‌چێت.
ڤیان سه‌برى، سه‌رۆکى فرکسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى عێراق، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق به‌ره‌نجامى ئه‌و ناڕه‌زایى و داواکارییا‌نه‌یه که له ماوه‌ى ڕابردوودا شه‌قامى عێراقى هه‌یبوو بۆ گۆڕانکاری له کۆى جومگه‌کانى ده‌وڵەتدا (سیاسى، ئابوورى، کۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌منى)، له سه‌روو هه‌مویانه‌وه بابه‌تى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى. بێگومان هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک کۆمه‌ڵێک گۆڕانکارى له‌گه‌ڵ خۆى ده‌هێنێت، زۆربه‌ى چاوه‌کان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ن، ئێستا ته‌یارى مه‌ده‌نى کاندیدى له هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌یه و له داهاتوودا ڕوونتر وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره بۆ هه‌موو لایه‌ک دیار دەکەوێت که ئایا فیعله‌ن هه‌ڵبژاردن توانیى گۆڕانکارى بکات، یاخود نا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه کۆده‌نگییه‌کى باش له‌لایه‌ن کۆى لایه‌نه‌کانه‌وه هه‌یه بۆ گۆڕانکارى و هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش هه‌ر به‌و نیه‌ت و مه‌به‌سته‌یه".
سه‌برى دەڵێت: "ته‌واوى کوتله و لایه‌نه سیاسییه‌کانی عێراق ئامادەییی خۆیان بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراقدا ده‌ربڕیوه و، ئێستا هه‌نگاوه‌کان به‌کرده‌یى بۆ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌که ده‌ستى پێ کردووه و کاندیده‌کان له شه‌قام سه‌رقاڵى بانگه‌شه‌ن و، به‌دڵنیایییەوە هه‌ڵبژاردن له کاتى خۆیدا به‌ڕێوه ده‌چێت".
ڕوونیشی کرده‌وه: "ئێستا دۆخى سیاسى و ئه‌منى بۆ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌که گونجاوه و هه‌ریه‌ک لە نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵەتییش پشتگیرى و هاوکاریى خۆیان بۆ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌که ده‌ربڕیوه و دواین قسه‌ى حکوومه‌تیش ته‌ئکیدکردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌که له واده‌ى خۆیدا".
سه‌باره‌ت به ڕێژه‌ى ده‌نگ و پێشوازیى هاووڵاتییان له سه‌رخستنى کاندیدانى پارتی‌یش، سه‌رۆکى فراکسۆنى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه دا کە: ''پارتى دیموکراتى کوردستان له‌م هه‌ڵبژاردنەدا سه‌رکه‌وتنى گه‌وره تۆمار ده‌کات، هاووڵاتییان بڕواى ته‌واویان به به‌ربژێره‌کانی پارتی هه‌یە، چونکه له‌وه تێ گەیشتوون کە به‌هێزیى پارتى، واته به‌هێزیى کوردستان، ئه‌وه‌یشى په‌یوه‌ندى به کوتله و لایه‌نه سیاسییه‌کانه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه که ده‌بێت هه‌موومان هاوده‌نگ و کۆک بین بۆ تێپه‌ڕاندندنى هه‌مووی ئه‌و مادده ده‌ستوورییانه‌ى که موسته‌حه‌ق و مافى خه‌ڵکى کوردستانن، چونکه ته‌نها یه‌کده‌نگى زامنى به‌ده‌ستهێنانى ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنى زیاتره".
ئەرسەلان ئەحمەد




