کاندیدێکی پارتی: لە بەغدا داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کورد دەبین

ھەولێر -KDP.info- کاندیدی ژمارە ٢٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی یەکی پارێزگای ھەولێر گوتی، لە پەرلەمانی عێراق کار بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان دەکەین و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستان دەبین و بەتوندی دژی ھەموو ئەو ھەوڵانە دەوەستین کە لەوانەیە پلانی داھاتوو بن بۆ شکاندنی سەروەرییەکانی ھەرێمی کوردستان.
جوان عەبدوڵڵا عومەر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "من خاوەنی دوو بنەماڵەی شەھید و خەباتگێڕم و بە شانازییەوە خاوەنی مێژوویەک لە خەباتی پێشمەرگایەتی و خەباتی سیاسین لەپێناو پاراستنی کوردستان و سەروەرییەکانیدا و لە ھەردوو بنەماڵە چەندین گیانفیداییمان بۆ نیشتمان و سەربەخۆیی کوردستان کردووە و بەردەوامیش دەبین، لەبەر ئەوەی بڕوای تەواومان بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد ھەیە، بۆیە بەو ھەستە نیشتمانپەروەرییەوە منیش لەسەر ڕێچکەی باب و باپیرانمان بەردەوامی بە خەبات دەدەم و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی ڕاستەقینەی گەلی کورد دەبم و پەیامی پیرۆزی کوردستان و خەڵکەکەی دەگەیەنم و دڵنیاتان دەکەمەوە داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستان دەبم و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان و بەرگری لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان دەکەین و کەمتەرخەم نابین بۆ خزمەتکردنی بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان و برا پێشمەرگەکان و ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان''.
عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: "داواکارین متمانەمان پێ بدەن و ئەم جارەش بە دەنگدان متمانەی خۆتان بە پارتی دیموکراتی کوردستان ببەخشن بۆ ئەوەی وەک ھەمیشە بە ڕۆحێکی نەتەوەیییەوە ئەم نیشتمانە بپارێزین کە بەرھەمی خوێنی شەھیدانە و بەتوندی دژی ھەموو ئەو ھەوڵانە بوەستین کە لەوانەیە پلانی داھاتوو بن بۆ شکاندنی سەروەرییەکانی ھەرێمی کوردستان.''
جوان عەبدوڵڵا عومەر، کاندیدی ژمارە ٢٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی یەکی پارێزگای ھەولێر گوتیشی: "لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری سۆران لەدایک بووم و بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە یاسا ھەیە و قوتابیی ماستەرم لە یاسای گشتی و نزیکەی ١٠ ساڵ ئەزموونی کاری حکوومیم ھەیە و ٧ ساڵ لە زانکۆی سۆران وەکوو یاریدەدەری یاسایی و چەندین بەش و بەڕێوەبەرایەتیی جیاواز کارم کردووە، دوو ساڵ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەکوو یاسایی و بریکاری یاسایی کارم کردووە، ئێستاش ڕاگەیاندکارم لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە لێژنەکانی یاسایی و دارایی و سامانە سروشتییەکان و جگە لەمەش، ئەندامی سەندیکای یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستانم و سلاڵانێک ئەزموونی کاری ناحکوومیشم ھەیە و وەک مافناس و یاساناسێک لە چەندین ڕێکخراوی ناحکوومی وەک بەرپرسی یاسایی و کۆمەڵایەتی، خۆبەخشانە کارم کردووە و ھەوڵم داوە لە ڕێگەی کۆڕ و کۆبوونەوە ھۆشیاریی یاسایی بڵاو بکەمەوە لەناو ناوەندەکانی خوێندن و چین و توێژەکان بەم بۆنەیەوە وەکوو گەنجێک و مافناسێک دوو جار خەڵات کراوم لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و ناوخۆوە.''
بڵند ئیبراھیم




