هه‌ژمارى بانکى بۆ موچه‌خۆران ده‌كه‌وێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- وه‌زیرى دارایى هه‌رێم، مژده‌ى کردنه‌وه‌ى هه‌ژمارى بانکى به فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم دا و رایگه‌یاند، کردنه‌وه‌ى هه‌ژمارى بانکى بۆ فه‌رمانبه‌رانى شارستانى و پۆلیس، که‌وتۆته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، سه‌رپه‌رشتیارى لیژنه‌ى جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازیش ده‌ڵێ، مووچه‌ى 20 هه‌زار که‌س راگیراوه.
ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیرى دارایى حكومەتی هه‌رێمی كوردستان، له کۆنفرانسێکى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "له چوارچێوه‌ى جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازی، به‌پێى ماده‌ى 13 له یاساکه، که تایبه‌ت به کردنه‌وه‌ى هه‌ژمارى بانکییه بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران، ئه‌مڕۆ مژده‌ى ئه‌وه ده‌ده‌ین، كه ئه‌و ماده‌یه چووه بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه".
وه‌زیرى دارایى هه‌رێم گوتیشی: "وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌م، یاساکه بۆ سه‌رجه‌م کارمه‌ندانى شارستانى و که‌رتى پۆلیس جێبه‌جێ ده‌کرێت و، هه‌ژمارى بانکیان بۆ ده‌کرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌خۆران له رێى بانکه‌وه مووچه‌کانیان وه‌ربگرن، ئه‌ویش هه‌م بۆ پێدانى مووچه، هه‌روه‌ها بۆ وه‌رگرتنى بارکۆدى بێ هاوتایه بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌خۆران، بۆ ته‌واوى کاروباره‌کانى خۆیانی به‌کار بێنن".
هه‌ر له کۆنفرانسه‌که‌دا، عه‌بدولکه‌ریم خه‌سرۆ، سه‌رپه‌رشتیارى لیژنه‌ى جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى، رایگه‌یاند: "زیاتر له ملیۆنێک و 200 هه‌زار که‌س به سیستمى بایۆمه‌تری تۆماركراون، به‌ڵام ئه‌وه گۆڕانکاری تێدا ده‌کرێت، چونکه هه‌ندێ که‌س سێ جار ناوى هاتووه، که ئه‌وه‌ش نایاساییه".
خه‌سرۆ باسى له‌وه‌شکرد: "تا ئێستا زیاتر له 20 هه‌زار مووچه راگیراون و، به‌دواداچوون ده‌کرێت و هه‌ر که‌س نایاسایى بێت، مووچه‌که‌ى ده‌بڕدرێت، به‌م رێگایه ده‌توانین کۆنتڕۆڵى کۆمه‌ڵێ حاڵه‌ت بکه‌ین، له‌وانه ته‌نیا مووچه‌خۆره‌که خۆى ده‌توانێت سوود له‌و مووچه‌یه وه‌ربگرێت، هاوكات واده‌کا ته‌واوى زانیارییه‌کانى فه‌رمانبه‌ران له یه‌ک شوێنی دیاریکراو هه‌بێت".
خه‌سرۆ گوتیشی: "تا ئێستا 450 هه‌زار مووچه‌خۆر له کوردستان هه‌ژمارى بانکیان بۆ کراوه و پڕۆسه‌که‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت".
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د




