٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسینگەی پاسپۆرتی ئاكرێ كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئاكرێ-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندی و راگەیاندنی پاسپۆرتی پارێزگای دهۆك رایگەیاند، ئەمڕۆ نووسینگەی پاسپۆرتی ئاكرێ بە فەرمی كرایەوە و لە هەفتەی داهاتووشدا دەست بە راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان دەكرێت.

رائیدی مافپەروەر سەعد ئیسماعیل، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی گوت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، پارێزگاری دهۆك و قایمقامی قەزای ئاكرێ و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بە فەرمی نووسینگەی پاسپۆرتی ئاكرێ كرایەوە.

بەرپرسی پەیوەندی و راگەیاندنی پاسپۆرتی پارێزگای دهۆك، لەبارەی گرنگیی كردنەوەی ئەم نووسینگەیە، روونی كردەوە: "كردنەوەی ئەم نووسینگەیە بایەخێكی زۆری دەبێت بۆ هاووڵاتیانی قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش، چونكە لە دوای كردنەوەی ئەم نووسینگەیە، لەجیاتی ئەوەی سەردانی شاری دهۆك بكەن، لە ئاكرێ مامەڵەكانیان بۆ دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت رایی دەكەن و رێگایەكی دوور نابڕن".

ئیسماعیل دەشڵێت، كردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە چوارچێوەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە،‌ كە ئامانجی ئەوەیە ڕۆتین كەم بكاتەوە و خزمەتی زیاتر پێشكەش بە خەڵكی كوردستان بكات.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ بە فەرمی نووسینگەكە كرایەوە و لە هەفتەی داهاتووشدا دوای تەواوبوونی كارە تەكنییەكان، مامەڵەی هاووڵاتیان بە فەرمی لە نووسینگەكە رایی دەكرێن.

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار