بەڕێوەبەری نەخۆشخانە لە ڕێگەی KDP.infoوە دڵنیایی لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان دەدات

هەولێر-KDP.info- بە ئامانجی پێشکەشکردنی بەرزترین ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی، نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر پرۆسەی نوژەنکردنەوەی بنەڕەتی و خۆگونجاندن لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان دەست پێدەکات و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش دڵنیایی لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان دەدات.
د. نورجیهان عەلی شەعبان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پرۆسەی نوژەنکردنەوە و بەئەلیکترۆنیکردنی نەخۆشخانەی ڕزگاری قۆناغی باشی بڕیوە، ئەوەی ئێستا دەستمان پێکردووە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا نەکراوە، چونکە نەخۆشخانەکە تەمەنێکی زۆری هەیە و پێویستی بە نوژەنکردنەوەی سەرانسەری بوو. ئێستا نەخۆشخانەی ڕزگاری بەراورد بە نەخۆشخانەکانی دیکەی کەرتی گشتی لەسەر ئاستی عێراق لە پلەی یەکەمدا دێت و دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش، هاوشێوەی نەخۆشخانە تایبەتەکان خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری دەشڵێت، "ژێرخانی نەخۆشخانەکە دادەڕێژینەوە و بەگوێرەی ستانداردی جیهانی و زانستی خزمەتی نەخۆش دەکەین. لەو بەشانەی نوژەن کراونەتەوە، بەتایبەتی هۆڵەکانی نەشتەرگەری، ئامێری پێشکەوتووی (Air Fresher) جێگیر کراوە بۆ پاکڕاگرتن و نەهێشتنی ڤایرۆسی زیانبەخش، کە ئەمە لە هیچ نەخۆشخانەیەکی دیکەی کەرتی گشتیدا نییە. لەوەش گرنگتر ڕێکخستنەوەی تەواو لە کاری پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەدا کراوە تاوەکو بە بەرزترین کواڵێتی زۆرترین سوود بە هاووڵاتییان بگەیەنن."
د. نورجیهان عەلی شەعبان ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پرۆسەی نوژەنکردنەوەکە پێویستی بە کات و بودجەی مادیی هەیە، لەو چوارچێوەیەدا گوتی، "نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەسانی خێرخواز هاوکار و بەشدار بوون لە پشتگیریکردنی نەخۆشخانەکەدا. دڵنیام دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، بەرهەمەکەی بە تەواوەتی بۆ هاووڵاتییان دیار دەبێت. بەپێی گێڕانەوەی بەشێک لە پزیشکەکانمان کە سەردانی نەخۆشخانە هاوشێوەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیان کردووە، نەخۆشخانەی ڕزگاری لە ڕووی ئاست و خزمەتگوزارییەوە بە هیچ شێوەیەک بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەراورد ناکرێت."
قائید میرۆ
