بابەتی یەکەی حەفتا و ھەشتا ئێستا لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە

هەولێرـKDP.infoـ دوای ئەوەی ھەردوو یەکەی حەفتا و ھەشتا بڕیاریاندا بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە ئاشکرایکرد، لە ئێستادا ئەو ھێزانە خەریکی خۆ رێکخستنەوەن بۆ ئەوەی بێنە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە سەرۆکایەتی ھەرێم کار بۆ پێکھێنانی چەند فەرماندەیەک دەکرێت.
لیوا قارەمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ساڵی رابردووەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری ھەردوو یەکەی حەفتا و ھەشتای ھێزی پێشمەرگە کردووە لە دوو ھەنگاودا بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەویش لە قۆناغی یەکەمدا ئەو ھێزانە رێکبخرێنەوە و، دواتر یەکبگرنەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە شێوەی پێکھاتەی ئەو ھێزانە وەک وەزارەتی پێشمەرگە نییە و، سەرەتا دەبێت خۆیان لەگەڵ سیستمی ھێزەکانی سەربە وەزارەت بگونجێنن، ئینجا دەست بە پرۆسەی یەکخستنەوەیان بکرێت".
جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە گوتی: "لە ئێستادا ھەردوو یەکەی حەفتاو ھەشتا خەریکی رێکخستنەوەی ھێزەکانیانن، تا وەک لیواکانی سەر بە وەزارەت رێکبخرێن".
لەبارەی پەیکەری ئەو ھێزانەی دەچنە سەر وەزارەت، لیوا قارەمان دەڵێت: "ھاتنی ئەو ھەموو لیوایەی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، کۆنتڕۆڵکردنیان ئاسان نییە، لەبەر ئەوەش پێویستە لە کاتێکی زوودا فەرماندەییەکان درووست بکرێت، ئەو بابەتە ئێستا لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە، تا بزانین ژمارەیان چەند دەبێت و پێکھاتەیان چۆن دەبێت".
لیوا قارەمان شێخ کەمال ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ھێزی پشتیوانی یەک ھاتووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و، فەرمانەکەی لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، ھێزی پشتیوانی دووش بڕیاری داوە بێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و، نووسراویان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ دەرکردنی فەرمانەکەیان".
قائید میرۆ




