ئاژانسى جایکاى ژاپۆنى هاوکاریی پزیشکیی گه‌یانده کوردستان

ئه‌مڕۆ به‌شى دووه‌مى هاوکارییه پزیشکییه‌کانى ئاژانسى جایکاى ژاپۆنى گه‌یشته هه‌رێمى کوردستان. وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستییش ده‌ڵێت، هاوکارییه‌کان له چوارچێوه‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنایه و بۆ داهاتووش به‌رده‌وام بێت.
د. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕاگه‌یاند: "له چوارچێوه‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا ئاژانسى جایکاى ژاپۆنى به‌رده‌وامه له هاوکارییه‌کانى بۆ که‌رتى ته‌ندرووستیى هه‌رێم، ئه‌مڕۆش به ئاماده‌بوونى وه‌زیرى ته‌ندرووستى، قۆناغى دووه‌مى ئه‌م هاوکارییانه پێشکه‌ش به وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى کرا، هاوکارییه‌کان به شێوه‌یه‌کى گشتى بریتى بوون له: 45 هه‌زار ماسکى پزیشکى، 25 هه‌زار کڵاوى سه‌ر، 4500 ماسکى پۆشینى ده‌موچاو، له‌گه‌ڵ 44 هه‌زار که‌لوپه‌لى پزیشکیى تایبه‌تمه‌ند به پزیشکانى به‌شى عینایه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین که‌لوپه‌لى دیکه‌ى پزیشکى که ئێستا گرنگ و پێویستن".
گوتیشى: "میکانزمى دابه‌شکرندنى که‌لوپه‌له‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى پێداویستیى سه‌نته‌ر و کلینیک و ناوه‌نده ته‌ندرووستییه‌کان به‌م پێداویستییانه‌یە، به‌تایبه‌ت ئه‌و دامه‌زراوانه‌ى که سه‌ر به به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه گشتییه‌کانن له هه‌رێمى کوردستان."
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستىی هه‌رێم ڕوونیشى کرده‌وه: "ئاژانسى جایکاى ژاپۆنى وه‌ک یه‌کێک له گه‌وره‌ترین ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌کان، ئه‌مه یه‌که‌م جار نییه هاوکارى پێشکه‌ش به هه‌رێمى کوردستان بکات، به‌ڵکوو پێشتر له چوارچێوه‌ى په‌ره‌پێدانى تواناى پزیشکانى ئێمه‌دا چه‌ندین خول و ڕاهێنانیان له بواره جیاوازه‌کاندا له ژاپۆن بۆ پزیشکان و کارمه‌ندانى ته‌ندرووستیى هه‌رێم کردووەته‌وه، به‌تایبه‌ت له بوارى کارگێڕى و ئیداره‌دان و به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاست و توانستى ته‌ندرووستکاران، هاوکارییه‌کانیش بۆ قۆناغى داهاتوو وه‌ک ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت".
ئه‌رسه‌لان ئەحمه‌د




