٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاردی سفری خۆماڵی مانگی دابێ بەرھەم دەھێندرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران ئەمساڵ كەوتە كار، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا ئاردی سفر بەرھەم بهێنن و لە قۆناغی یەكەمیشدا ھەزار تۆن بەرھەم دێت.

دكتۆر محەمەد شوكری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم كە ئەمساڵ كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، گەنمی وەرگرت و دەستیش بە بەرھەمھێنانی چەندین جۆر دانەوێڵە دەكرێت، هەروەها لە ١/٨ی ئەمساڵ ئاردی سفر لەو پڕۆژەیەدا بەرھەم دەھێندرێت بەپێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە و ئامادەكاریی تەواویشی بۆ كراوە.

شوكری گوتیشی: "لە قۆناغی یەكەمدا ھەزار تۆن بەرھەم دێت  و دوای ئەوە وردە وردە بەرھەمەكە زیاد دەكرێت، تاوەكو بتوانین پێداویستیی ھاووڵاتیان پڕبكەینەوە و كاری بەردەوامیش بۆ ئەو مەبەستە دەكرێت، چونكە ئامانجمانە بەرھەمی ناوخۆ گرنگی پێ بدرێت و زیاد بكرێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی دابەشكردنی ئاردەكە دەكات و خۆیان نرخەكە دیاری دەكەن، كە بە جۆرێك بێت گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕ و بەرھەمەكەش باش دەبێت، چونكە لە ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و لە كارگەی خۆماڵی بەرھەم دێت.

دەشڵێ: "ئەمە ھەنگاوێكی گرنگە دەستمان پێكردووە و بەردەوامیش دەبین، چونكە دەمانەوێت ھێندەی توانامان ھەبێت ھەموو بەرھەمەكان لەناوخۆ بەرھەم بهێنین".

پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم، ئەمساڵ دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران كردووە و چەندین كارگە لەو پڕۆژەیەدا دامەزراون و چەندین جۆری بەرھەمی دانەوێڵە لە رێگەی ئەو كارگانەوە بەرھەم دێن، لەوانە ئارد و ساوار و بڕوش.

 

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار