شاندێکی کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بێسەروشوێنبووان لە ھەڵەبجەیە

هەڵەبجە-KDP.info- شاندێکی کۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنبووان لە عێراق بە سەرۆکایەتیی ئەلێکساندەر هوگ، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی هەڵەبجە و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید کۆ بوونەوە و جەختیان لە گرتنەبەری ڕێگەچارەی گونجاو کردەوە بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە.
نەوشیروان لەتیف، بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دوو کەیس دەمانبەستێتەوە بە کۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنبوەانەوە؛ کەیسی گوڕە بەکۆمەڵەکان و ونبووانی تاوانەکانی جینۆساید کە دژ بە هەرێمی کوردستان کراون. لە ڕابردوودا هاوکاریی باشیان کردووین و دەخوازین بۆ داهاتووش پشتیوانمان بن".
دواتر ئەلیکساندەر هوگ، سەرۆکی شاندەکە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی چیرۆکی ئێش و ئازارەکانی هەڵەبجە ببینین، کۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنبووان لێرە پشتیوانی لە کەسوکاری بێسەروشوێنبووان دەکات، هەرکەسێک ڕۆڵێکی هەیە لە دۆزینەوەی بێسەروشوێنبوواندا، دڵنیاتان دەکەینەوە یارمەتیی ئێوە دەدەین بە هەر تێچوویەک بێت بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنکراوان".
کۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنبووان لەگەڵ هەریەک لە کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و ڕێکخراوی مناڵە ونبووەکانی هەڵەبجە کۆ بووەوە، دوایین داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە منداڵانی ونبووانی وەرگرت.
لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا بەپێی ئامارەکان 111 مناڵ لە نەخوشخانەکانی ئێراندا ون بوون، ئێستا 97 خێزان سکاڵای ونبوونی منداڵەکانیان لە دادگای هەڵەبجە تۆمار کردووە. کەسوکاری منداڵە ونبووەکان سەرەڕای داواکاری بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانیان داوایان کردووە، سەنتەرێکی ''دی.ئێن.ئەی'' لە هەڵەبجە بکرێتەوە.
خێلان بەختیار




