گولیزار سندی: هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین
__2021_06_13_h15m38s7__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- چەند ڕۆژێکە نرخی بەنزین ڕووی لە ھەڵکشانە و جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان.
گولیزار سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی گرانبوونی نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و چەند پێشنیارێکیش ئامادە کراون بۆ ئەوەی پێشکەشی حکوومەت بکرێن بە مەبەستی کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکان کە ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.''
گولیزار سندی دەڵێت: "ھۆکار زۆرن، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان و بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بووە.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان ڕوونی کردوە: "لەگەڵ حکوومەت هەوڵ دەدەین بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، لەوانەش دابینکردنی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ و دەرکردنی کۆبۆن بۆ ئۆتۆمبێڵەکانی تاکسی و دەرفەتی ھێنانی بەنزین بۆ ھەموو کۆمپانییەکان وەک فەرھەم بکرێت و قۆرخکاری نەمێنێت تا کاریگەریی لەسەر ھێنانی بەنزین لە دەرەوە ھەبێت."
گولیزار سندی گوتی: "وەک لێژنەکەمان لەو بارەیەوە دانیشتن و گفتوگۆی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی میکانیزمێک بدۆزرێتەوە تا لەو ڕێگایەوە لەگەڵ حکوومەت لەسەر خەت بین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی نوێ و ئێمە پشتیوانی لە کەمکردنەوەی نرخی بەنزین دەکەین."
قائید میرۆ




