''هەڕەشە لەسەر کوردستان خەتی سوورە''

دهۆک-KDP.info- کۆمیتەی دامەزراندنی دیاکورد (DIAKURD) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانێکی نوێ لە نێوان هێزە چەکدارەکانی پەکەکە و پێشمەرگەدا لە ناوچەی مەتینی باشووری کوردستان پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوتی تریش برینداری بوون، ''ئێمە بەتوندی شەرمەزاری دەکەین، بۆ خانەوادەی شەهید و گەلی کورد سەرەخۆشی و سەرساغی دەخوازین''.
کۆمیتەی دامەزراندنی دیاکورد (DIAKURD) کە کۆنفدراسیۆنی وڵاتانی سۆڤیەتی و 5 وڵاتی ئەورووپایی لەخۆ دەگرێت، بەیاننامەیەکی دەربارەی شەڕفرۆشییەکانی پەکەکە بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە: "باشووری کوردستان پارچەیەکی ئازادە و قوربانیی گەورەی داوە، پێویستە هەر کورد و ڕێکخستنێکی سیاسی ڕێز لە ماف و سەروەرییەکانی باشووری کوردستان بگرێت، ئێمەش وەک (DIAKURD) ئەو کەس و ڕێکخراوەی سیاسی ڕیز لە ماف و سەروەرییەکانی باشووری کوردستان نەگرێت بەتوندی شەرمەزاری دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا کە دانەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، هاتووە: "ساڵانە دەوڵەتی تورک بەدوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر باشووری کوردستان، ئێستاش ئەو شەڕی خۆی لەسەر خاکی ئازاد دەکات، ڕژێمی تورک دەیەوێت وەک ڕۆژئاوای کوردستان، باشووری کوردستانیش داگیر بکات، هەبوونی هێزەکانی تورک لە باشووری کوردستان بە چالاکیی سەربازیی پەکەکەوە گرێ دراوە، لەبەر ئەوەش، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرانبەر تورکەکان بێهەڵوێستە."
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "باشووری کوردستان ئەمڕۆ لەژێر هەڕەشەدایە، پێویستە پەکەکە بە زووترین کات کۆتایی بە هەڵەکانی خۆی بێنێت و لەبەر هەڕەشەکانی ئەم دواییەش دەبێ داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان بکات و دەست لە چالاکییە سەربازییەکانی لە باشووری کوردستان هەڵگرێت.''
لە کۆتاییی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە: "دەستکەوتەکانی کورد لە سەرووی هەموو بەرژەوەندیییەکانی پارتە سیاسییەکانەوەیە، ئێمە بانگەواز لە هەموو کەسێک دەکەین ڕێز لەم ڕاستییە بگرن و نەبنە هۆکاری ئەوەی کە وەڵاتانی داگیرکەر خاکی ئازاد داگیر بکەن، پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان بەرپرسیاریەتیی خۆیان جێبەجێ بکەن تا بە زووترین کات لەم ئاژاوەگێڕییە دەرکەوین".
کــاروان بــاعەدری




