٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخالق: ھەرێم و بەغدا رێککەوتوون ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراقی گوتی، ھەرێم و بەغدا رێککەوتوون تاوەکو دوو لیوای ھاوبەش دروست دەکرێن، لەمەودوا لە ھەر شوێنێک پێویست بێت، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجام دەدرێت.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام دەبێت لە ھەر ناوچەیەک جموجۆڵی داعش ھەبێت، یان زانیاری لەبارەی داعشەوە ھەبێت چ لەو ناوچانەی لایەنی ھەرێم بێت یاخود عێراقی، کە ھاوپەیمانانیش لە ڕووی ئاسمانییەوە ھاوکار دەبن، بۆیە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن.

تەڵعەت گوتیشی، ئەو کارەی کە دەکرێت و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام دەدرێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان ھەرێم و بەغدایە، کە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقی لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیاندا ئەنجامیان داوە، بۆیە دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کراوە و دوێنێ یەکەم ئۆپەراسیۆن ئەنجام درا بە ھاوبەشی و بە دەیان داعش کوژراون وچەندین ئۆتۆمبێلیان تێکشکێندران و چەندین مۆڵگەشیان خاپوور کران.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن تاوەکو لیوا ھاوبەشەکان لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست دەکرێن، چونکە ناکرێت جموجۆڵی داعش بەو شێوەیە زۆر بێت و دەستەوەستان بوەستن، بۆیە رێککەوتن کراوە کە لە ھەر شوێنێک لەمەودوا جوڵەی داعش ھەبێت، ئۆپراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام دەدرێت.

دەشڵێ، ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە، کاریگەریی زۆری دەبێت بۆ سەر کەمکردنەوەی جموجۆڵی داعش، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا جموجۆڵیان گەلێک زۆر ببوو.

 

بڵند ئیبراھیم   

 

هەواڵی پەیوەندیدار