کوردستان... هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاسای زەویوزار بووه به ئه‌مرى واقع

هەولێر-KDP.info- بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کشتوکاڵ و ئاودێریى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت، یاساى زەویوزاری هه‌رێمى کوردستان که‌موکورتیى زۆرى تێدایه و پێویسته هه‌موار بکرێته‌وه، چونکه ئه‌و یاسایه‌ى ئێستا به‌رکاره، یاسای ژماره 4ی ساڵى 1991ـە و مروونه‌تى ئه‌وه‌ى تێدا نییه ته‌واوى گرفته‌کان چاره‌سه‌ر بکات، بۆیه هه‌موارکردنه‌وه‌ى بڕگه و خاڵەکانى ئه‌و یاسایه بووه‌ته ئه‌مرى واقع و پێویسته کارى جددیى له‌سه‌ر بکرێت.
سه‌فین گه‌ردى، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کشتوکاڵ و ئاودێریى په‌رله‌مانى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "یه‌کێک له‌و کێشانه‌ى له هه‌رێمى کوردستان ساڵانێکى دوورودرێژه به‌رده‌وامه و به چاره‌سه‌رنه‌کراوى ماوه‌ته‌وه. بابه‌تى خاونداریەتیى کێشه‌ى زه‌ویوزار بووه له نێوان خاوه‌نمڵک و جووتیار و لقه کشتوکاڵییه‌کاندا، تێکدانى سنوورى جوگرافیى قه‌زا و ناحیه و به‌شێک له گونده‌کانى کوردستان و درووستکرنى کۆمه‌ڵگاى زۆره‌ملێ له‌لایه‌ن ڕ‌ژێمى به‌عسه‌وه له دیارترین ئه‌و کێشانه‌ن که زەویوزار به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت، گرفتى زەویوزار کێشه‌یه‌کى قووڵ و دووردرێژه و له ماوه‌ى ڕابردووش‌دا چه‌ندین کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تیى گه‌وره به‌وهۆیه‌وه ڕوویان داوه، بۆیه هه‌رچى زووه پێویسته په‌رله‌مان له‌م ماوه‌ى له به‌رده‌ستیدا ماوه کار بکات بۆ ئاماده‌کردنى ڕه‌شنووسى پرۆژەیاسایه‌کى نوێ به هاوکاریى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ و شاره‌وانى و هه‌موو ئه‌و لایەنه په‌یوه‌ندیدارانه‌ى که په‌یوه‌ستن به‌م بواره‌وه، چونکه ڕۆژ به ڕۆژ کێشەکە له په‌ره‌سه‌ندندایه و ته‌نها ڕێگاش بۆ کۆتاییهێنان به‌م گرفته ده‌رکردنى ئه‌م یاسا تایبه‌ته‌یه".
گه‌ردى گوتیشى: "هه‌رچه‌نده له کابینه‌کانى پێشووى حکوومه‌تى هه‌رێم هه‌وڵ هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى کێشه‌ى زەویوزار و گرفته‌کانى به‌رده‌مى له چوارچێوه‌یه‌کى یاساییدا چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام نه‌کرا، به‌رده‌وامی و مانه‌وه‌ى گرفته‌که وای کردووه له هه‌ندێک شوێن حاڵەته‌کانى زێدەڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کان زیاتر بێت، ته‌نانه‌ت کاریگه‌ریى هه‌بووه له که‌مبوونه‌وه‌ى ڕووبه‌رى زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کان، بۆیه ده‌رکردنى یاسایه‌کى تایبه‌تمه‌ند به‌م بواره بووه‌ته ئه‌مرى واقع و پێویسته کارى له‌باره‌وه بکرێت."
سه‌باره‌ت به‌تاپۆکردنى زه‌ویى کشتوکاڵى له‌سه‌ر جووتیاران و قه‌ره‌بووکرنه‌وه‌ى ئه‌و زه‌وییانه‌ى که ده‌که‌ونه ماسته‌رپلانى شاره‌وانییه‌کانەوە، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کشتوکاڵ و ئاودێریى په‌رله‌مانى کوردستان ڕوونی کرده‌وه: "پرۆسه‌ى تاپۆکردنى زه‌ویى کشتوکاڵى به‌پێى بڕیارى کارپێکراو، له‌سه‌ر جووتیاران له‌و شوێنانه‌ى که نه‌که‌وتوونه‌ته سنوورى شاره‌وانییه‌کان به‌رده‌وامه و له‌و جێگایه‌نه‌یشى که زه‌وییه‌که بووه به مڵکى شاره‌وانی، جووتیاره‌که قه‌ره‌بوو ده‌کرێته‌وە بە جۆرێک که له 3/ زه‌وى خه‌مڵێندارو که‌متر نه‌بێت".
ده‌شڵێت: "به‌دڵنیاییه‌وه و به‌پێى ڕێنمایییه‌کان پرۆسه‌ى تاپۆکردنى ئه‌و زه‌وییانه له‌سه‌ر جووتیاران به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئێستا به‌هۆى نه‌بوونى بوودجه‌ى پێویست کاره‌کانى لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند به خاوى به‌ڕێوه ده‌چێت".
ئەرسەلان ئەحمەد




