٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێرکردن لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لیژنەی رێکخەرانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێرکردن بڵاویان کردووەتەوە، ئەمڕۆ لە ھۆتێل رۆتانا کۆنفرانسێکی پەروەردەیی بەڕێوە دەبەن، کە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتییە و بە پاڵپشتیی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێک خراوە و بە ھاوکاریی راوێژکارانی بازرگانیی عێراق و بەریتانیا لەگەڵ چوار پەیمانگای نێودەوڵەتی ساز کراوە. 

لیژنەی رێکخەرانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێرکردن، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، ئاماژەیان داوە، لەو کۆنفرانسەدا ٣٩ وتاربێژ لە ٢٩ پەیمانگای نێودەوڵەتی  و نێونەتەوەیی، ٤١ سیمینار بە شێوەی ئۆنلاین و بە سێ زمانی جیاواز  پێشکەش دەکەن، لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێرکردنیشدا تا ئێستا زیاتر لە ٣ھەزار و ٥٠٠ بەشداربوو لە ھەزار و ٣٥٠ پەیمانگا و لە ٦٣وڵاتەوە خۆیان تۆمار کردووە و بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن.

ڕوونیش کراوەتەوە، کە لەو کۆنفرانسەدا، وەزیری پەروەردە و جێگری وەزیری پەروەردەی عێراق  و کۆونسووڵی بەریتانیا لە ھەولێر  بەشداری دەکەن.

لای خۆشیەوە، بەشداربووی کۆنفرانسەکە و ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، نادر قادر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەم کۆنفرانسە زۆر گرنگە بۆ بواری پەروەردە، بە تایبەت کە ئێستا نەخۆشیی کۆرۆنا ھەیە، بۆیە لەم کاتەدا ئەم جۆرە کۆنفرانسانە بایەخی زۆریان ھەیە بۆ کەرتی پەروەردە.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ژمارەیەکی زۆری بەرپرس و سەرۆکی زانکۆکان بەشدارییان لەو کۆنفرانسەدا کردووە، کە لە ھۆتێل رۆتانا بەڕێوە دەچێت.

گوتیشی، ئەو کۆنفرانسە بۆ گرنگیدانە بە بواری پەروەردە و پێشخستنی کەرتی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان.

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار