دیاری حوسێن بۆ KDP: كار بۆ ئەوە دەكەین بگەڕێینەوە كەركووك

كەركووك-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھەموو ئامادەكارییەكی پێویستمان بۆ ھەڵبژاردنەكان لە كەركووك كردووە و ناوی كاندیدانی خۆمان ئاراستەی دە زگای ھەڵبژاردن كردووە، ئێستاش كار بۆ ئەوە دەكەین، چەند مانگێك پێش ھەڵبژاردن بگەڕێینەوە بۆ كەركووك.
دیاری حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو ئامادەكارییەی پێویستە بۆ ھەڵبژادن، كردوومانە و ناوی كاندیدانی خۆمان ئاراستەی دەزگای ھەڵبژاردن كردووە، ئەوەی ئێستاش كاری بۆ دەكەین، ئەوەیە كە لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە ھەوڵداین تا بگەڕێینەوە بۆ كەركووك و جارێكی دیكە بارەگاكانمان بگەڕێتەوە ناو كەركووك و قەزا و ناحیەكان، بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان بە باشی بەڕێوە ببەین، بۆیە پێویستە چەند مانگێك پێش ھەڵبژاردن ئێمە بگەڕێینەوە بۆ كەركووك".
ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەش كرد: "پرسی بازنەكانی ھەڵبژاردن بە گشتی كاریگەریی لەسەر دەنگەكانی ھەموو ناوچەكان دەبێت و رەنگە زیانی بۆ حیزبەكانیش ھەبێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەوەی لە بەرژەوەندیی كورد بێت، بكرێت جا بە ھاوپەیمانی بێت یاخود بە جیا بێت، بۆیە تا ئێستا ھاوپەیمانی نەكراوە و دیار نییە دەكرێت یاخود نا، چونكە بەپێی ئەو یاسایەی دانراوە، دەنگی كەس بۆ كەس ناچێت و دەنگی ھیچ لیستێكیش بۆ لیستێكی دیكە ناچێت، بۆیە دەكرێت دوای ھەڵبژاردنیش ھاوپەیمانیەتی بكرێت، چونكە ھەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە".
حوسێن ڕوونیشی كردەوە: "لە ئێستادا كار بۆ ئەوە دەكەین بگەڕێینەوە بۆ كەركووك و پێویستە پێش چەند مانگێكیش لە ھەڵبژاردن بگەڕێینەوە، چونكە ھەڵبژاردن بێ بوونی ئێمە لە ناوچەكەدا زۆر زەحمەتە، بۆیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە پێویستە بوونمان ھەبێت".
بڵند ئیبراھیم




