"حکومەتی ھەرێم پلانی بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵیی ھەیە"

هەولێر-PDK.info- بەھۆی کەمیی ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ پێشبینیی وشکەساڵی دەکرێت لەمساڵدا و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، ژمارەیەک پێشنیار ئامادە کراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێشتا وشکەساڵی بە تەواوەتی ڕووی نەداوە لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە ھەندێ ناوچە نیشانەکانی وشکەساڵی ھەن، چونکە ناوچە تا ناوچەیەکی دیکە جیاوازیی ھەیە، دەکرێ بڵێم وشکەساڵییەکی ڕێژەیی ھەیە بۆ ئەمساڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ کۆ بووەتەوە لەبارەی پرسی وشکەساڵی و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکەی ڕاوێژکاری بکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: "ژمارەیەک پێشنیار ئامادە کراون بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان تا بتوانین لە زیانەکانی وشکەساڵی کەم بکەینەوە، لەوانەش گلدانەوەی ئاو لە ھەندێ ناوچە و قەرەبووکردنەوەی جووتیاران."
حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و لە کۆبوونەوەی داھاتوو پێشنیارەکانی خۆمان پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین، چونکە بابەتی وشکەساڵی پێویستی بە پێداچوونەوەی ورد ھەیە."
قائید میرۆ




