٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێ كۆمپانیای جیھانی بەھا و تێچووی پڕۆژەی ھێڵی ئاسنین پێشكەشی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سێ كۆمپانیای جیھانی لە بواری دروستكردنی ھێڵی ئاسنین، سەرقاڵی دیراسەكردنی بەھا و تێچووی پڕۆژەی ھێڵی ئاسنینن و، بڕیارە لە مانگی داھاتوودا دیراسەكە پێشكەشی وەزارەت بكەن و دواتر دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەكە بكرێت.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە داوەتنامەی بۆ سێ كۆمپانیای جیھانیی دروستكردنی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی كوردستان ناردووە، بۆ ئەوەی دیراسەی ئابووریی پڕۆژەكە ئامادە بكەن و بۆمانی رەوانە بكەن، بۆ ئەوەی بزانین بەھا و تێچووەكەی چۆنە و تا چەند سەركەوتوو دەبێت، كە دڵنیاشین سەركەوتوو دەبێت".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "بەپێی ئەو كاتەی پێیان دراوە، بڕیارە لە مانگی داھاتوودا دیراسەكە ئامادە بكەن و پێشكەشی وەزارەتی بكەن و وەڵامی داواكاریی ئێمە بدەنەوە، چونكە سەرەتا دەمانەوێت دیراسەی ئەو پڕۆژەیە بكەین و بزانین بەھاكەی چەند دەبێت و سەركەوتوو دەبێت، كە بێگومان بەھای دەبێت و پڕۆژەكەش ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە قۆناغ دەبێت".

ناوبراو ڕوونیشی كردەوە، دوای پێشكەش كردنی دیراسەكە و تەواوبوونی، ئەوكات دەست بە جێبەجێكردن و دروستكردنی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی كوردستان دەكرێت، كە ئەویش بە ھۆی گەورەیی پڕۆژەكەوە، بە قۆناغ دەبێت.

سێ كۆمپانیای جیھانی ئەو پڕۆژەیە ئەنجام دەدەن، كە دوو كۆمپانیا ئیسپانین و یەكێك ئەڵمانییە، كە شارەزاییەكی زۆر باشیان لەسەر ئاستی جیھان لە دروستكردنی ھێڵی ئاسنین ھەیە، كە ئەو ھێڵەی لە ھەرێم دروست دەكرێت، ٩١٥كیلۆمەتر دەبێت و ھەر جارەو قۆناغێك دروست دەكرێت، بە جۆرێك قۆناغی یەكەم ٦٢٠كیلۆمەتر و قۆناغی دووەم ١٣٥كیلۆمەتر و قۆناغی سێ یەم ١٦٠كیلۆمەتر دەبێت، كە پڕۆژەكەش بۆ سەرتاسەری ھەرێمی كوردستانە.

 

بڵند ئیبراھیم    

 

هەواڵی پەیوەندیدار