''بایدن لەسەر چەند مەلەفێک قسە لەگەڵ عێراق دەکات''

واشنتۆن-KDP.info- ژووری بازرگانیی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، بڕیارە هەردوو لایەنی عێراقی و ئەمەریکایی لە مانگی نیسانی دابێ لەسەر چەندین پرسی هەستیاری عێراق دیالۆگی ستراتیژی دەست پێ بکەنەوە؛ لەوانەش مەلەفی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و سەروەریی خاک. ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، ئەمەریکا پەیوەندییەکی ''تایبەتمەند'' لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا دروست دەکات.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ژووری بازرگانیی ئەمەریکادا هاتووە، ئیدارەی بایدن پاڵپشتیی ''حکومەتی عێراق'' و ''حکومەتی هەرێمی کوردستان'' دەکات تا بۆ خزمەتگوزارییەکانی وڵاتەکەیان گەشە بە پێشەسازیی غاز بدەن. لەبارەی ئەو دیالۆگە ستراتیژییەوە، دانا جەزا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکرات کوردستانی گوت: ''ئەم دیالۆگە ستراتییژییە دیالۆگێكی گرنگە، چونکە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکادا، سەرەتا ئەمەریکا لەو دیالۆگەدا وەک وڵاتێکی داگیرکەر دەبینرا، ئێستا قۆناغەکە گۆڕدراوە و بووەتە قۆناغی ئەمەریکا وەک وڵاتێک کە هاوکاریی عێراق دەکات، ئێستا دیالۆگێکی ستراتیژی هەیە لە چەندین بواری سیاسی و ئەمنی و ڕۆشنبیری و تەندروستیدا، ئەمە گرنگییەکی گەورە و دەرفەتێکی گەورەیە لە بەردەم عێراقدا و دەبێ سوودی بۆ خۆی لێ ببینێت و تەجروبەی بۆ خۆی لێ وەربگرێت، دوو خولی دیالۆگ لە ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوون، یەکێک لە بابەتە گرنگەکان بابەتی ئابووری بوو، کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا بابەتێکی زۆر کاریگەرە، هەرێمی کوردستان هەم جوگرافیاکەی گرنگە بۆ عێراق و بۆ ناوچەکە و هەم شوێنی سەقامگێریی سیاسی و ئابووری و ئەمنییە بۆ ئەمەریکا و ناوچەکانی تر.''
ئەم ئەندام پەرلەمانە گوتیشی: "ئەم هەماهەنگیکردنە لە بواری ئابووری و لە بواری گەشەپێدانی کێڵگەکانی غاز و دەرهێنانی غاز و هەناردەکردنیەتی و بەکارهێنانی غاز وەک وزەیەک هاوتەریب لەگەڵ نەوتدا، ئەمە یەکێکە لە سیکتەرەکان کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
شارەزایان پییان وایە ئەم جەولەی دیالۆگی ستراتیژی وەک دیالۆگەکانی تر نابێت و قسەێ ڕاوشکانەتر بە یەکتری دەڵێن، ئەمەریکا قسەی جددی بۆ لایەنە توندڕەوەکانی عێراق دەبێت، چونکە لە عێراقدا لایەنە دژە ئەمەریکاییەکان یاسایەکیان لە پەرلەمان تێپەڕاند بۆ دەرکردنی هەموو لایەنە بیانییەکان و لە نێوشیاندا هێزی ئەمەریکا، کەچی کورد دەنگی بەو یاسایە نەدا.
''ئەمەریکا لەسەر پرسی ئەو میلیشیایانەی لە دەرەوەی یاسان لەگەڵ حکومەتی عێراق قسە دەکات، چونکە ئەو میلیشیایانە پێشتر بە مووشەک هێرشیان کردە سەر هەولێر و بارەگای پارتیشیان لە بەغدا سووتاند، ئەمەریکا دەربارەی هەردووکیان قسەی جددیی بە عێراق گوت.''
''ئەم دیالۆگە ستراتیژییە، گرنگیی جۆری پەیوەندییی نێوان عێراق و ئەمەریکا دیاری دەکات، ئەگەر وا بکەن دەتوانن جۆری پەیوەندییەکە لە داگیرکەرەوە بۆ دۆستایەتی لە چەندین بواردا بگۆڕن و دەتوان پێکەوە کار بکەن." جەزا وی گوت.
بەپێی قسەکانی ئەم ئەندامەی پەرلەمان، ئەمەریکا تیگەیشتنێکی واقعبینانە لە ناوچەکە پێک دێنێت و بە شێوەیەکی دەستووری و پراگماتیکی لەگەڵ عێراق دیالۆگ دەکات، ئەوان دەزانن کوردستان فاکتەرێکی کاریگەرە و تایبەتمەندییەکەی کوردستان دەپارێزن و دەبێ دیار بێت کە حکومەتی هەریم سەر بە حکومەتی عێراقی نییە، بەڵکو سەر بە دەوڵەتی عێراقە.
کاروان باعەدری




