٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێک: بە ھۆی ناکۆکییەوە ئەستەمە ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی پەسەند بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

​بەغدا-KDP.info- ​پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی بدات، بەڵام بە ھۆی ئەوەی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەیاساکە ھەیە، ئەستەمە بتواندرێت دەنگی لەسەر بدرێت.

خالیدە رەشۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و تێیدا باس لە کۆمەڵێک تەوەر دەکرێت، یەکێک لەوانە کە زۆر گرنگە و پێویستە بۆ عێراق و بۆ کوردیش، دەنگدانە لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی، کە لە ئێستادا ئەو دادگایە پەکی کەوتووە.

رەشۆ گوتیشی: "بڕیارە پێش کۆبوونەوەکە ھەڵوێستی خۆمان لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە رابگەیەنین، بەڵام بە ھۆی بوونی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەیاساکە، ئەستەمە بتواندرێت پەسەند بکرێت".

ناوبراو باسی لەوەش کرد، تاوەکو ئێستا لایەنەکان لەسەر شێوازی دەنگدانەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بۆیە ئەمە وای کردووە ئەستەم بێت بتواندرێت پەسەند بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە ھۆی خانەنشینبوونی ئەندامێکی دادگای فیدراڵی و کۆچی دوایی ئەندامێکی دیکە، ئەو دادگایە پەکی کەوتووە و ناتوانێ ھیچ کارێک بکات.

 

بڵند ئیبراھیم​ ​

 

هەواڵی پەیوەندیدار