٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژه‌یه‌كى گرنگى كاره‌با له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێ كرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سێ پڕۆژەی تری گرنگی كارەبایان كردووەتەوە، كە زیاتر لە 7 ملیۆن دۆلاریان تێچووە. دەشڵێت، لە ئێستادا لە نێوان 12 بۆ 14 كاتژمێر رۆژانە كارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان.

ئەندازیار كەمال محەممەد، لە كاتی كردنەوەی سێ پڕۆژەی گرنگی كارەبا لە شاری هەولێر، بە میدیاكانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ توانیمان چەند پڕۆژەیەكی تری گرنگی وەزارەتی كارەبا پێشكەشی خەڵكی خۆمان بكەین لە ژێر چاودێریی رێزدار سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك (مەسروور بارزانی)، كە لە سێ بڕگە پێكهاتووە، یەكەم دامەزراندنی وێستگەیەكی 2*31 و نیو كە لە توانایدایە 63 مێگاوات كارەبا بۆ دەروبەری وێستگەكە دابین بكات كە لەلایەن كۆمپانیای Best ی توركی كارەكانی كراوە بە گوژمەی 4 ملیۆن و 415 هەزار دۆلار بووە، هەروەها گرێدانی ئەو وێستگەیە بە وێستگەی ئازادیی نوێ بە رێگای دوو هێڵی 33 KV كە كارەكەی لەلایەن كۆمپانیای شاندز ئەنجام دراوە بە گوژمەی 3 ملیار دینار، هەر‌وەها دەركردنی پێنج فیدەری 11 KV بۆ گەڕەكی دەوروبەری وێستگەكە لەلایەن كۆمپانیای پالۆز بە گوژمەی 367 ملیۆن دینار جێبەجێ كراوە".

وەزیری كارەبا گوتیشی: "هەرسێ پڕۆژە زیاتر لە 7 ملیۆن دۆلاریان تێچووە، كە لە 2014ەوە كاریان تێدا كرابوو و بە تۆڕی هەرێمەوە گرێ نەدرابوون، بۆیە وەكو كابینەی نۆیەم لە سەرەتاوە كارمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو وێستگانەی تەواو بوون بخەینە خزمەت و، بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیەش‌ بارزۆرییەك كە لەسەر فیدەری ئەو گەڕەكە و دەوروبەری هەبوو دێتە چارەسەركردن، بۆیە دەتوانین بڵێین ڕەوشی كارەبا تا ڕادەیەك لەم شوێنە دێتە چارەسەركردن و هیوادارین ئەو پڕۆژانەی تریش كە ماون لە كاتێكی نزیك بكەونە خزمەتی خەڵكی ئێمە".

كەمال محەممەد روونیشی كردەوە: "لە نێوان 12 بۆ 14 كاتژمێر رۆژانە كارەبا دەدرێت بە هاووڵاتیان، بۆ گرێبەستی كەرتی تایبەتیش، بۆ ئەوەی دابەشكردنی كارەبا بدەین بە كەرتی تایبەت، بەپێی تەندەر ڕەوانە كراوە بۆ كۆمپانیا، كە لە 1 ی 2 بڕیارە بۆمان بگەڕێتەوە و دەچێتە لیژنەی شیكردنەوە و ڕەوانەكردن".

سەبارەت بە گرێدانی پێوەری زیرەكیش، كەمال محەممەد گوتی: "بۆ پێوەری زیرەك زیاتر لە 1 ملیۆن و 600 هەزار هاوبەشمان هەیە و تاكو ئێستا 442 هەزار پێوەری زیرەكمان داناوە، پڕۆژەكەش لە ژێر جێبەجێكردندایە و بەردەوامە".

لەبارەی فرۆشتنی كارەبا بە حكوومەتی عێراق و گرێبەستی كڕینی كارەبا لە وڵاتی توركیا، وەزیری كارەبا ئاماژەی دا: "كۆمپانیای كار و قەیوان لەگەڵ وەزارەتی كارەبای عێراق رێككەوتنیان هەبوو، تائێستاش كۆمپانیای قەیوان 125 مێگاوات كارەبایان پێ دەدات، ئێمەش گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیای ئەكسای توركی كردووە بۆ هێنانی 150 مێگاوات كارەبا، مەبەستمان ئەوە نییە كە پێویستمان پێ هەیە، تەنها كێشەی تەكنیكیمان هەیە، كە ئەویش سووتەمەنیی پێویست بوو بۆ وێستگەی كاشێ لە شاری دهۆك، كە نەگەیشتووە،‌ بۆیە ناچار بووین بە دیزڵی بەكار بخەین، ئەمەش تێچووەكەی دوو هێندەی ئەو گرێبەستەیە كە ئێمە كردوومانە، بۆ نموونە بەگەڕخستنی 150 مێگاواتەكە 16 ملیۆن دۆلاری مانگانەی تێدەچێت، بەڵام بەپێی گرێبەستەكە 7 ملیۆن دۆلارە، بۆیە پێویستە بارودۆخی ئابووریی هەرێم لە بەرچاو بگرین".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار