هۆشیار سیوەیلی و كۆنسووڵی گشتیی هیندستان كۆبوونەوە

هەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان، بەشی دەرەوە، پێشوازی لە كۆنسووڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر بەڕێز سوبهاش كاین و كۆنسووڵ ئێم ڤی سوندەر كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا پرسگەلێك خرانە بەرباسەوە.
لە سەرەتادا، هۆشیار سیوەیلی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و شاندەكەش خۆشحاڵیی خۆیان دەبڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە. دوای ئەوە، بەڕێز سیوەیلی بە تێروتەسەلی باسی رەوشی هەرێمی كوردستانی كرد و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، بابەتی بەشەبودجەی حكوومەتی هەرێم، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا بە مەبەستی ئاساییكردنەوەی رەوشی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان و ئەو بەربەستانەی دێنە سەر رێی جێبەجێكردن و گرنگیی چارەسەركردنیان، كە دەكرێت لە دواڕۆژ سوود لەم رێككەوتنە وەربگیرێت بو چارەسەری كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە بەغدا.
هەروەها باسی گرنگیی ئاسانكردنی كاروباری هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كرا، ئەوانەی كە بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی سەردانی هیندستان دەكەن و لە لای خۆیە كۆنسووڵی گشتیی هیندستان باسی ئەو ئاسانكارییانەی كرد چ لە رووی میكانیزمی پێدانی ڤیزا یان ژمارەی ئەو كەسانەی دەیانەوێ یاوەریی نەخۆشەكان بكەن، هەروەها باس لە دوایین قوناغەكانی بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكی دژەكۆرۆنا كرا و ئەو رێنماییانەی كە تا ئێستا بە پێویست دەزانرێن، جگە لەوەش، دەرفەتەكانی زیاتری وەكو بوارەكانی ئەكادیمی و راكێشانی كومپانیاكانی هیندستان بۆ هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی تری دانیشتنەكە بوون.
لە كۆتاییدا، ناوبراو سوپاسی ئەو پشتگیرییەی كرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو سەقامگیری و پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە.




