لە چاوپێكەوتنێكی KDP.info شوان محەمەد تەها: ڕێژەی كورد لە سوپای عێراق 3% تێپهرناكات

تایبهت به KDP.info/ شوان محەمەد تەها ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستان ئاماژە بەچۆنیەتی دامەزراوە ئەمنیەكانی عێراق دەكات، ئەوەش دەخاتەڕوو كە ڕێژەی كورد لە سوپای عێراقی كەم بۆتەوە لە كاتێكدا بەپێی دەستوری عێراقی دەبێت ڕێژەی نەتەوەكانی دیاری بكرێت .
KDP.info: بڕیار وایە ڕۆژی هەینی خۆپیشاندانێكی گەورە لە عێراق ئەنجام بدرێت بە ئەنجامدانی ئەو خۆپیشاندانە كاریگەری دەبێت لەسەر بارودۆخی ئەمنی عێراق.
شوان محەمەد : ماوەی دوومانگە هەموو ڕۆژانی هەینی عەرەبی سوننەكان نوێژی بە كۆمەڵ ئەنجام دەدەن لە مزگەوتەكان، دیارە شێوازی ئەنجامدانەكە هەروەكو ناڕەزاییهكە كە دەسەڵاتی دەوڵەتی یاسا پەیڕەوی دەكات لە عێراقدا، داواكاری خۆپیشاندانیش دوو ئاراستەیە، یەكەم بابەتی خزمەتگوزارییە، دووەم بابەتی ئەمنی و دەستورییه، وابڕیارە ڕۆژی هەینی خەڵكی ئەنبار و فەلوجە ڕووبكەنە بەغدا بەتایبەتی لە مزگەوتی ئیمام عەزەمییە نوێژی هەینی لەوێ ئەنجام بدەن و داواكانی خۆیان بدەنە حكوومەتی عێراق، بەڵام بە بڕوای من حكوومەتی عێراق كەم تەرخەم بووە، دەبوو هەموو داواكانی خۆپیشاندەرانی جێبەجێ بكردبایە، ئەو داواكاریانەش لەڕووی دەستورییەوە دروستە چونكە دەستوری عێراق زامنی خۆپیشاندانی كردووە، دووەم دەستوری عێراق زامنی سەفەركردنی كردووە، واتە لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە ڕێگە بە پیادەی خەڵك دەدرێت، ناكرێت حكوومەتی عێراق لە رێگای دەزگا ئەمنییەكانەوە بەربەست لەبەر دەمیان دروست بكات.
KDP.info: بەپێی زانیاری ئێمە هاووڵاتیانی ئەنبار و فەلوجە لە فرۆكەخانەی بەغدا دەسگیركراون ئێوە ئاگاداری ئەو بابەتە هەن.
شوان محەمەد : بەپێی زانیاری ئێمە لە ڕۆژی یەك شەمەی ڕابردوەوە، دەزگا ئەمنییەكانی عێراق لەو ڕێگایهی كە لە موسڵەوە بۆ بەغدا دێت یا لە كەركووكەوە، بۆ بەغدا دێت یان لە ئەنبارەوە بۆ بەغدا دێت لێرپرسینەوەی توند لەگەڵ هاووڵاتیان كراوە و بازگەكان توندتر كراون و دەزگا ئەمنییەكان پێیانوایە كە ئەوە ڕێگای ئەمنییەو دەبێت هەبێت، بەڵام ئێمە دەڵێن بۆ ئەوەیە كە فشار بخرێتەسەر خۆپیشاندەران و هەوڵبدرێت ئەو خۆپیشاندانە نەكرێت .
KDP.info: دەگوترێت ناوچەی سەوز لەلایەن هێزێكی تایبەتەوە كۆنترۆڵ كراوە ئێوە ئاگاداری ئەو هەنگاوە هەن.
شوان محەمەد: هەموو ڕۆژانی هەینی بارودۆخی ئەمنی عێراق دەشێوێنرێت دەزگا ئەمنییەكان هەڵدەكەوتە سەر شوێنەكان و بازگەكان توندتر دەكرێنەوە و هەڵكوتانە سەر دەزگا ڕۆژنامە نووسییەكان زۆر بووە، بۆ ئەوەی هەواڵی خۆپیشاندن نەگوازنەوە .
KDP.info: ڕێژەی كورد لە سوپای عێراق چەندە ؟
شوان محەمەد: ڕێژەی كورد و عەرەبی سوننە لە دابەزین دایە، لە ساڵی 2007 ڕێژەی كورد لە سوپای عێراقی لە %19 بووە، بەڵام ئێستا لە %3 تێپەڕ ناكات و عەرەبی سوننەش لەوە خراپتر و هەندێك عەرەبی شیعەش فەرامۆش كراون، كە سەر بە دەوڵەتی یاسا نین، و بۆ ئەوەی زوڵمیش لە برا شیعەكان نەكەین وەكو تەیاری سەدری بۆیە مالیكی دەیەوێت سوپایەك دروست بكات بۆخۆی نەك حكوومەتی عێراق.
KDP.info: كۆبوونەوە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان ئەنجام دەدەن؟
شوان محەمەد : لە ڕووی دەستورییەوە دوو ئەركمان هەیە، چاودێریكردن و پێشنیار بەداخەوە دەوڵەتی یاسا بەهیچ جۆرێك گوێ نادانە ئەو چاودێری كردن و پێشنیارانە.
دیمانە كارزان هەورامی




