٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ نەبی: تێپەڕاندنی یاسای قەرز، پێچەوانەی یاسای بودجەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای كرد، ئەو یاسایەی بە ناوی قەرزەوە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرا، ھەڵەی زۆری تێدایە و گریمانە ھەیە رێككەوتن لە نێوان حكوومەت و پەرلەمان ھەبووبێت بۆ تێپەڕاندنی. دەشڵێ، ناردنى ٣٢٠ ملیار دینار، پیاوەتیی كەسی تێدا نییە و بە گوێرەی یاسا مافی خەڵكی ھەرێمی كوردستانە.

فازڵ نەبی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، گومان دەكرێت پێشتر رێككەوتن لە نێوان حكوومەت و پەرلەمانی عێراق لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای قەرز ھەبووبێت، چونكە یاسای قەرز پێویستی بەو ھەموو وردەكارییە نییە و ئەوەی تێپەڕاندرا زیاتر پیلان بووە، چونكە پێشتر قەرز كراوە و ناوی ھەرێمی كوردستانیشی ھەر تێدا نەبووە، لەبەر ئەوەی رێككەوتن لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ ھەبووە.

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەو ٣٢٠ ملیار دینارەی بەغدا رەوانەی ھەرێمی كوردستانی دەكرد، بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بووە، با ھیچ كەسێك نەیكاتە پیاوەتی بەسەر ھەرێمی كوردستانەوە، ئەوە مافی خەڵكی كوردستان بوو بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، لەبەر ئەوەی ئەمساڵ یاسای بودجە نەبووە، گەڕاونەتەوە بۆ یاسای ٢٠١٩.

نەبی، هەروەها جەختی كردەوە، ئالیەتی ناردنی پڕۆژەیاساكە ھەڵە بوو رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت، چونكە بۆ جاری یەكەمە سزا لەنێو یاسای بودجە و قەرزدا ھەبێت، ئێستا ئەوەی تێیدا ھاتووە ئەگەر حكوومەت پارە بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات، بەپێی یاسا سزا دەدرێت، ئەوە نەك لە بودجەی عێراق، لە دنیادا شتی وا نەبووە. 

پەیوەست بە چارەكردنی گرفتەكەش، فازڵ نەبی گوتی، كات لە بەردەستدا نەماوە بۆ رێككەوتن و ساڵ بەرەو كۆتایی دەچێت و بەشی ئەوە ناكات دانوستان ئەنجام بدرێت، بەڵام تەنیا دەرفەت لە بەردەم ھەرێمی كوردستاندا ئەوەیە، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە رێگەی لایەنە سیاسییەكانەوە كار بۆ راستكردنەوەی یاساكە بكەن، ئەویش دوای ئەوەی ئەگەر سەرۆككۆمار گەڕاندیەوە، رێككەوتنی لەسەر بكرێت و ھەردوو حكوومەت ئالیەتێك ببیننەوە بۆ ئەوەی مافی خەڵكی كوردستان بگەڕێتەوە.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار