رزگار عوبێد: گەر ھاوكاریی ئاوارەكان نەكرێت، تووشی گرفتی زیاتر دەبن

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری كەمپی ئاوارەكانی ھەولێر رایگەیاند، لە ئێستادا ھەم رێكخراوەكان ھاوكارییەكانیان بۆ ئاوارەكان مەرجدار كردووە و هەم حكوومەتی عێراقیش ھاوكارییەكانی زۆر كەمن، بۆیە لە دۆخێكی خراپدان و گەر لە وەرزی زستاندا ھاوكارییان نەكرێت، تووشی گرفتی زیاتر دەبن.
رزگار عوبێد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دۆخی ئاوارەكان لە كەمپەكان زۆر خراپە و ھاوكارییەكان زۆر كەم بوونەتەوە، ئەوەی كارێكی ھەبێت رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ھیچیان پێ نادەن و حكوومەتی عێراقیش تەنھا مانگانە ئەگەر سەبەتەی خۆراكیان پێ بدات، ئەگەرنا ھیچیان بۆ ناكات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەگەر رێگری لە خەڵك نەكرێت، ژمارەیەكی زۆر جارێكی دیكە ئاوارە دەبنەوە.
عوبێد گوتیشی: "بەرەو وەرزی زستان دەچین و ئەگەر سووتەمەنی دابین نەكرێت و خێمەكان نەگۆڕدرێن و ھەندێك گرفتی ئاوەڕۆ ھەیە چارەسەر نەكرێت، گرفتەكە گەورەتر دەبێت و تووشی زۆر كێشەی تر دەبن، بۆیە پێویستە ھەر چی زووە حكوومەتی عێراق ئەو گرفتانە چارەسەر بكات، چونكە ئەوەی ئێستا دەكرێت، زۆرینەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە تەنیا دەیكات.
بڵند ئیبراھیم




