٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئاوارە کریستیانەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنەکانیان"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لەگەڵ بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەردەمی شەڕی داعش، کریستیانە ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادە نین بچنەوە ناوچەکانیان لە نەینەوا و شوێنەکانی دیکە، نوێنەرێکی کریستیانەکانیش دەڵێت، ھاووڵاتییانی ئێمە دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ بن و ئەگەر لێرە نەمێنن ئەوە دەچنە ئەوروپا، بەڵام ناچنەوە ناوچەکانیان لە نەینەوا و شوێنەکانی دیکەی عێراق.

ڕوبینا تیاری، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ دەستپێکی ھێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش ھەموو کریستیانەکانی عێراق ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و ناوچەکانیان چۆڵ کرد، تا شەڕی داعش کۆتایی ھات لە ھەرێمی کوردستان مانەوە، بەڵام دوای شەڕی داعش ئامادە نین بگەڕێنەوە ئێستا تەنیا ژمارەیەکی کەم گەڕاونەتە دەشتی نەینەوا."

ئەو نوێنەرەی کریستیانەکان دەشڵێت: "پێشتر یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کریستیان لە عێراق ھەبوون ئێستا نیوەی ئەو ژمارەیەش نەماوە یان ئاوارە بوونە و لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، یان چوونەتە وڵاتانی ئەورووپا، ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارە کریستیانەکان بۆ نەبوونی ئارامی دەگەڕێتەوە لە ناوچەکانیان و ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەیەک ژیانیان لە مەترسیدا بێت."

ڕامی نووری سیاوەش، بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھیچ کەمپێکی ئاوارەی کریستیان لە عەنکاوە و سنووری ھەولێر نەماوە، ھەموو ئاوارە کریستیانەکان چوونەتە نێو خانووەکان، چونکە ئەوان ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و لێرە لە ھەرێمی کوردستان دەستیان بە کار و کەسابەتی خۆیان کردووە."

بەگوێرەی ئامارێکی پێشووتری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، تەنیا لە دەشتی نەینەوا زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتی کریستیان ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو.

بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھاووڵاتییانی کریستیان دەڵێن تەنھا ڕەوشی ئەمنیی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێمە گونجاوە تا تێیدا بتوانین ژیانی خۆمان بەڕێوە ببەین و لە سایەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەک مەترسییان لەسەر نەماوە، لێرە بەپێچەوانەوە ھاوکاریشیان دەکرێت و ھیچ جیاوازیەکیان نییە لەگەڵ ھاووڵاتیانی دیکەی ھەرێمی کوردستان."

ڕوبینا تیاری جەختی کردەوە: "ھاووڵاتییانی کریستیان حەزیان لە ژیان و کار و کەسابەتە، لێرە باشترین شوێنە تا بتوانن بە ئارامی بژین، ژیانێک ئەمانەتی تێدا نەبێت کریستیانەکان ناتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان کریستیانەکان دەسەڵاتیان ھەیە و وەک ھەموو پێکھاتەکانی دیکە مافەکانیان پارێزراوە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار