٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"١٥ کارگەی نوێ لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، مۆڵەتمان داوە بۆ ئەوەی ١٥ کارگە لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، کە کارگەی گرنگن بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ داھاتوو و سوودی زۆریشیان بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت لە ھەموو ڕوویەکەوە و بڕیارە ھەر ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی کۆمەڵێک ناوچەی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان بکرێت.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان مۆڵەتمان داوە بۆ ئەوەی ١٥ کارگە لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن کە کارگەی گرنگن بۆ ھەرێم و سوودی زۆریان دەبێت لە ڕووی ئابوری و ھەلی کار و ھەموو بوارەکانی دیکەوە، بۆیە دروستکردنی ئەو کارگانە بۆ ئایندەی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگن و ئەمەش لە چوارچێوەی گرنگیدانە بە کەرتی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان."

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەو کارگانە مۆڵەتمان پێ داون و دەست بە دروستکردنی دەکرێت لەلایەن کەرتی تایبەت و وەبەرھێنەران کە کارگەی جۆراجۆرن لە بواری خۆراک و قوتووبەندی و کێبڵ و دەرمان و چەندین بواری دیکە."

گوتیشی: "بڕیارە بەم نزیکانە دەست بە دروستکردنی ئەو کارگانە بکرێت و ھەرکاتێک تەواو بوون دەکەونە خزمەت ھاووڵاتیانەوە."

گوتیشی: "مەبەست لەو کارەش گرنگیدانە بە کەرتی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان، چونکە جگە لەوەش، ١٠ ناوچەی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، یەکێک لە دھۆک دەستی پێ کردووە و ئەوانەی دیکەش لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەجددی لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە ھەر ئەمساڵ بدرێنە وەبەرھێنەرەکان و دروست بکرێن، چونکە بڕیارمان داوە گرنگیی تایبەت بە کەرتی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان بدەین."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار