٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی تەندرووستی: پارێزگاکان سەرپشککراون ھەموو رێککارێک بگرنە بەر

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئێمە پێشنیارمان کردووە بەھۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشی کۆرۆنا قەدەغەی ھاتووچۆ رابگەیەندرێت، بەڵام پارێزگاکان پێیان باش نەبوو و، لە ھەولێر دەوامی فەرمانگاکانیش ھەیە و ئێستاش پارێزگاکان دەستەڵاتیان ھەیە ھەر بڕیارێک بدەن، چونکە ئەگەر خەڵک خۆی نەپارێزێت ئەگەری ئەوە ھەیە لەچەند رۆژی داھاتوو ژمارەی حاڵەتەکان زیاتر بێت.

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر خاڵس قادر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دۆخی تەندرووستی لە ھەرێمی کوردستان باش نییە بەھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، بەتایبەت لە دھۆک و ھەولێر، ئەگەر پابەندی رێنماییەکان نەبن رەنگە حاڵەتەکان لە چەند رۆژی داھاتوو زۆر زیاتر بن، بۆیە گرنگە خۆپارێزی زیاتر ھەبێت و پابەندی رێنمایەکان بن.

دکتۆر خاڵس قادر گوتیشی: "ئێمە داوامان کردبوو کە قەدەغەی ھاتووچۆ رابگەیندرێت و دەوام رابگیرێت، بەڵام دەستەڵات لە دەست پارێزگاکان خۆیانە و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن" گوتیشی: "لەھەولێر تا ئێستا داوامی حکوومی بەردەوامە و پێویست بوو ھاوشێوەی دھۆک، ئەوانیش دەوام رابگرن بەھۆی زیاد بوونی حاڵەتەکانی نەخۆشی کۆرۆنا و، ئێستاش پارێزگاکان دەستەڵاتیان ھەیە ھەر بڕیارێک بدەن".

قادر باسی لەوەشکرد، بۆ ھاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی ھەرێم و عێراقیش وەکوخۆی بە داخراوی دەمێنێتەوە و پارێزگاکان دەتوانن لەکاتی پێویست ئاسانکاری بکەن.

 

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار