خۆشناو: هیچ هۆكارێك نابینین بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان پەك بخرێن

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ هۆكارێك نابینن بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان پەك بخرێن. دەشڵێ، سبەی چوارشەممە، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە.
ئومێد خۆشناو، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "رێوشوێنە پەیڕەوییەكان بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان گیراونەتە بەر و ئەمڕۆش وەڵامی حكوومەتی هەرێم هاتووەتەوە بۆ پەرلەمان، كە حكوومەت ئامادەیە لەسەر ئەو كەسانەی پەرلەمان داوای كردووە و نوێنەر و وەزیرەكان بێنە پەرلەمان و لە هەفتەی داهاتووش لە كۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادەی كۆبوونەوە بن، هەروەها سبەی چوارشەممە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆدەبێتەوە و ئومێد دەكەین بەرنامەی كار ڕابگەیەنن وەك ئەوەی پێشتر لە سەری رێككەوتووین لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دانیشتن ئەنجام بدرێت".
خۆشناو ڕاشیگەیاند: "وەكو فراكسیۆنی پارتی تەئكید لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە بڕیاری پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان بە خراپ دەبینین و لەگەڵ ئەو بڕیارە نین، هیچ حیزبێكیش مافی ئەوەی نییە كە كارەكانی پەرلەمان پەكبخات، پێمان وایە هیچ هۆكارێكی سیاسی نابێت ببێتە هۆكاری ئەوەی كارەكانی پەرلەمانی پێ پەك بخرێت، پەرلەمان رێوشوێنەكانی خۆی دەگرێتە بەر و دەبێت هەردوو فراكسیۆنیش هاوكار بین بۆ ئەوەی سەركردایەتییەكانی خۆمان زووتر رێك بكەون و زووتر دانیشتن هەبێت، ئێمەش لەگەڵ دانیشتنین، جگە لەوە، ئەمڕۆش جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە پابەندین بەو رێككەوتنانەی كە لە ڕابردوودا هەمانە و لەگەڵ نەفەسی تەوافووقداینە لە پەرلەمان و بەیەكەوە كارەكان بەردەوامی پێ بدەین، پێشنیازیشمان كردووە بەردەوامی بە تەوافووقی نێوانمان بدەین".
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، ئومێد خۆشناو، گوتیشی: "پەرلەمان دامەزراوەیەكی نیشتیمانییە و دەبێت دوور بخرێتەوە لەو دەستتێوەردانە حیزبییە، لەرابردوودا رێككەوتنی سیاسیمان هەبووە و رێككەوتنەكە یەك پاكێجە لە پەرلەمان و لە حكوومەت ناكرێت لە حكوومەت بەردەوام بن، بەڵام پەرلەمان پەك بخەن، پێویستە پەرلەمان چەترێك بێت هەموومان كۆبكاتەوە".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی زیاتر گوتی: "هیچ رێگایەكی یاسایی و پەیڕەوی نییە رێگا بە پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان بدات".
دەشڵێت: "رێككەوتین كە پشووی پەرلەمان كورت بكەینەوە بۆ ئەوەی چەند پرسێك هەن، لەوانە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و تۆپبارانەكانی سنوور و بابەتی تەندروستی و كۆرۆنا و رێكارە تەندروستییەكان و بابەتی قەرزەكانی حكوومەت و بابەتی بودجە و مووچە و ژیانی خەڵك كاری لەسەر بكەین، هەموو ئەو بابەتانە بە واژۆی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان ئاراستەی سەرۆكی حكوومەت كراوە، حكوومەتیش ئەمڕۆ وەڵامی داوەتەوە و لەو رۆژانەی كە دیاری كراوە ئامادە دەبن، ئومێد دەكەین لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانیشتن هەبێت و، هیوادارین برادەران لە فراكسیۆنی یەكێتی بەو بڕیارەیاندا بچنەوە و رێوشوێنی دیكە بگرینە بەر و بەو هیوایەشین كاری پەرلەمانیش ببێتە هۆكار و هاوكار تا هەرچی زووە پارتی و یەكێتیش كۆببنەوە".
نەشوان بەرزنجی




