سەرۆكی دەستەی دەستپاكی: حكوومەتی ھەرێم لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی جیددییە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە ھەرێمی كوردستان گوتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كاری باشی بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كردووە و زۆریش جیددییە لە جێبەجێكردنی. دەشڵێ: "مانگی داھاتوو دەست بە جێبەجێكردنی یاساكە دەكرێت و ئێمەش چەندین تیممان بۆ چاودێریكردن پێك ھێناوە".
حاكم ئەحمەد ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "كاری ئێمە چاودێریكردنی كەرتی گشتییە و ھەر سەرپێچییەك ھەبێت لە ھەر بوارێكدا، جا لە پلە باڵاكان بێت یاخود خانەنشینی یان فەرمانبەران یانیش ھەر پرسێكی دیكە، ئەركی ئێمەیە بەدواداچوونی بۆ بكەین و لە یاسای چاكسازییشدا پێویستە رێكار وەربگیرێت دەرهەق بەو كەسانەی كە دەبنە لەمپەر لە بەردەم یاساكەدا كە جێبەجێ بكرێت، ئێمە چەندین تیممان دروست كردووە و لە رێگەی نووسراوێكەوە گشتاندن بەسەر ھەموو دامودەزگا حكوومییەكانیش دەكەین، بۆ ئەوەی ھەر تیمێك لەوانە، چاودێریی پرسێك لە چاكسازی بكات و ھاوكاری حكوومەت بێت، تیمیش ھەیە تایبەتە بە خانەنشینی و ھەیە تایبەتە بە پلەبەرزكردنەوە و ھەشە تایبەتە بە پلە باڵاكان".
ناوبراو گوتیشی: "بڕیارە لە مانگی داھاتوو لە ٧/٧ یاسای چاكسازی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و، ئێمەش دەست بە چاودێریكردنی یاساكە دەكەین، كە حكوومەت جێبەجێی دەكات".
ئەنوەر ڕوونیشی كردەوە: "لەلایەن حكوومەتەوە جیددییەتێكی تەواو بۆ جێبەجێكردنی یاساكە ھەیە، چونكە زۆرینەی رێكارەكانی بڕیوە و لە پەرلەمان پەسەند كراوە و لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە، بۆیە ئیرادەیەكی باش بۆ جێبەجێكردنی یاساكە ھەیە".
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ئەوەشی خستە ڕوو: "تا ئێستا ئەو ژمارانەی دەگوترێن ھیچیان ڕاست نین و ھەمووی تەنھا قسەیە و حكوومەت وادەیەكی دیاریكراوی بۆ ھەموو وەزارەتەكان داناوە، بۆ ئەوەی وردبینی لە ناوەكان بكەن، تا بزانن كێ نایاسایی و كێ یاساییە، بۆیە ھەر كاتێك تەواو بوو، ئەوكات دیار دەبێت".
دەشڵێ: "بە ھیچ شێوەیەك دەستكاریی مووچەی فەرمانبەران ناكرێت و جگە لە مووچەی ئەوانەی نایاسایین، چونكە ئەو یاسایە دەردەكرێت خۆی بۆ ئەوەیە كە عەدالەت دروست ببێت، نەك مووچەی فەرمانبەران كەم بكرێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




