نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکی هەرێمەوە بۆ مینبەرە گەورەکانی دنیا

دهۆک - KDP.info - سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە دەرکەوتنەکانیدا هەمیشە وەک سەرۆکی وڵاتێکی گەورە دەرکەوتووە و توانیویەتی سەرنجی سیاسەتمەداران و میدیاکانی جیهان ڕابکێشێ. رای گشتیی کوردستان لای روونە کە سەرۆکی هەرێم لە ئاستی باڵای دنیادا لە رووی دیپلۆماسیەت و پێداگری لەسەر ھەرێمی کوردستان، دەستکەوتی گەورەی بەدەسھێناون و لە راگرتنی باڵانسی دیپلۆماسی ناوچاکەیشدا رۆڵی سەرۆکی ھەرێم بەرچاو و دیارە.
کۆکەرەوەی گەلێک
هەر لە ڕۆژی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمدا فۆکسی جیهان کەوتە سەر کوردستان و توانی لە هەر شوێنیک لێی بووبێ لەوێ پشتیوانی کورد بکات.
شەلال گەدۆ، سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتی کوردی لە سووریا دەڵێ، سەرۆکی هەرێم سەرۆکێک بووە هەمیشە بە پارچەیەکی کوردستان خۆی نەبەستووەتەوە، بەڵکو خۆی کردووەتە خاوەنی هەر چوار پارچەی کوردستان.
گەدۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "لە ڕەوشی کۆرۆنادا بینیمان دنیا سەرقاڵی خۆیان بوون، کەچی نێچیرڤان بارزانی دڵی لای ڕۆژئاوا بوو و تاقیگەی پزیشکیی بۆ ڕۆژئاوا ڕەوانە کرد."
"نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی واقعبین و دووربینە، لە ئاڵۆزییەکانی سووریادا دەیەوێ لایەنەکانی ڕۆژئاوا بێنێتە سەر مێزی دانوستاندن و بە یەک بەرە پشکداری لە مینبەرەکانی جیهاندا بکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەی سووریادا خاوەندەستکەوت بن.''
ڕوئیای ڕۆژئاوا
هەر کە سەرۆکی هەرێم هاتە سەرۆکایەتییەکەی، پێی باش بوو یەکڕێزی بە شێوەی دیموکراتی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بچەسپێنێت و پشتیوانیی دەستپێشخەریی نزیکبوونەوەی ئەنەکەسە و تەڤدەمی کرد.
لەو بارەیەشەوە، سیاسەتمەداری ڕۆژئاوا، سیامەند حاجۆ، گوتی: "ئەگەر سەیری جوگرافیای ڕۆژئاوا بکەی جگە لە هەرێمی کوردستان هەموو لایان پێیان باش نییە کورد لەو پارچەیە بگاته مافەکانیان و دژیشیان ڕاوەستاون، بە بۆچوونی من هیچ دەرگایەک نییە بۆ کردنەوەی ڕۆژئاوا بەڕووی جیهاندا جگە لە هەرێمی کوردستان و، تەنیا هەرێم دۆستی ڕۆژئاوای کوردستانە."
گوتیشی: "سەرۆکی هەرێم پشتیوانی ئەوەیە لایەنەکان یەکریز بن و ستاتۆیەکی کورد لە سووریادا بە شێوەی دیموکراتی پارێزراو بێت."
سەرکردەی قۆناغەکە
لەو بارەیەشەوە، موسلم محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پەدەکەسە، دەڵێ: "لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ئێستا پرسی کورد، پرسی گەرمی ناوچەکەیە و، لەڕووی سیاسی و نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبێ نێچیرڤان بارزانی ئەو کارە بکات."
گوتیشی: "ئێستا ئەو ڕۆڵەی سەرۆکی هەرێم، ڕۆڵی سەرکردەی قۆناغەکەیە، چونکە ئاراستەی نزیکبوونەوەی لایەنەکانە لە ڕۆژئاوا و عێراقیش."
کاروان باعەدری




