هێتوتی: ئەمەریکا دەیەوێ لەگەڵ بەغدا بە ڕێککەوتنەکانیدا بچێتەوە

بەغدا - KDP.info - مامۆستایەکی زانکۆ و پسپۆڕی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێ، ئەم دیالۆگەی نێوان عێراق و ئەمەریکا گەورەیە، چونکە ئەمەریکا هەست بەوە دەکا کە هێژمۆنیی وڵاتانی ئیقلیمی لە عێراق لە زیاندبووندایە.
د. نەوزاد هێتوتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "خۆ ئەمەریکا ڕێککەوتنی لەگەڵ عێراق هەیە و ساڵی ٢٠٠٨ دوو ڕێککەوتن لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ستراتیژییەوە کراون، ئەی بۆچی ئەم ڕێککەوتنە بکرێ، کەواتە کێشەی گەورە هەن لە عێراق، بۆیە ئەمەریکا پێی باشە ڕێککەوتن لەسەر ڕێککەوتن بکرێت."
''ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمەریکا لەم دۆخەی ئیستا عێراق هەیەتی ڕازی نییە، هێژمۆنیی وڵاتان لە عێراق زیاتر بووە و دەسەڵاتی ئەمەریکا کەم بووە، دەسەڵاتی میلیشیاکان لە زیادبووندایە، سیستمی دیموکراسی تووشی خەلەلێکی گەورە بووە و دەسەڵاتی عێراق لەدەست عێراقییەکاندا نەماوە، ئەمەریکاش دەیەوێ ئەم خاڵانە گفتوگۆ بکات.'' هێتوتی وای گوت.
ئاماژەیشی دا: "ئەمەریکا دەیەوێ عێراق سەروەرییەکانی بپارێزێ و دەستێوەردانی وڵاتان قبووڵ نەکا و هەموو میلیشیاکان بخرێنە ژێر دەسەڵاتی سەربازیی دەوڵەت و نەبنە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا."
دەشڵێت: "پێ دەچێ ئەمەریکا داوای مانەوەی هێزەکانی خۆی بکات لە خاکی عێراقدا و دەیەوێ عێراق باڵانسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان بپارێزرێت، چونکە پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق زۆر خراپیی تێ کەوتووە."
کورد لەم گفتوگۆیەدا
هیتوتی ئاماژەی دایە ڕۆڵی کورد و گوتی: "هێشتا دیار نیە کە ئەم ڕێککەوتنە چۆن دەبێت، بەڵام دەبێ کورد مەرجی هەبێ، نمووشەش مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، چونکە نەمانەوەیان مەترسیە بۆ سەر کورد و سوننە و سیناریۆی ٢٠١١ بەسەر کورد و سووننەدا دووبارە دەبێتەوە."
گوتیشی: "دەبێ کوردیش پیداگری لەسەر مافەکانی خۆی لە حکوومەتی عێراقدا بکات، بەتایبەت لە بواری دارایی و دانی چەک بە سوپای عێراق کە پشکی پێشمەرگەی تێدا بێت و زۆر بابەتی تر."
لە کۆتاییشدا گوتی: "ڕاستە قورسە هەموو خواستەکانی کورد جێبەجێ بکرێ، بەڵام هەندێکیان جێبەجێ دەکرێن.''
کاروان باعەدری




