٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆڕێکی ڕاگەیاندن: دەبێ ڕاگەیاندنی کوردی یەکگووتار بن و کۆمەڵگا هۆشیار بکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پسپۆڕێکی ڕاگەیاندن پێی وایە، پێویستە ئەوەی ڕاگەیاندن فۆکسی بخاتە سەر یەکگووتاری هەبێت، چونکە پەتایەکە جیهانییە و پێویستی بە یەکگوتاریی نیشتمانی و هۆشیاریی گشتی هەیە.

ڕاگەیاندن ڕۆڵیکی گەورە و کاریگەری هەیە بەتایبەتی لە کاتی کێشە و ململانی و قەیرانەکاندا ئەو ڕۆڵە زیاتر و بەرجەستر و کاریگەرتر دەبێ.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڤایرۆسی کۆرۆنای بە پەتای جیهانی ناساندووە و چەندین وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە و کاریگەریی جودا جودای هەبووە.

د. سادق حەمە غەریب سەرگەتی، پسپۆڕی میدیا و بەڕێوەبردنی قەیران، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''جێگای داخە لە سەرتاسەری جیهان، ڕاگەیاندن ئەوەندەی ڕۆڵی بۆ ورووژاندن و گەورەکردنی بابەتەکە لە قەبارەی خۆی زیاتر گێڕاوە، بەو ئەندازەیە کاری بۆ هۆشیاریی کۆمەڵگا نەکردووە."

ئەم پەتایە جیهانییە و بەرۆکی وڵاتانی جیهانی گرتووە، تەنانەت ئەو وڵاتانەی لە بواری تەندروستیدا لە ڕیزبەندی یەکەمن، هەرێمی کوردستانیش ڕێوشوێنی توندوتۆڵ کردووە بۆ ڕووبەڕووبەوونەوەی ئەم پەتایە، خەڵکیش پابەندی ڕێنماییەکانن و هاوکاریی حکوومەت دەکەن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پەتاکە ببنەوە.

ئەو پسپۆڕەی میدیا گوتی: "ئەوەی لە ڕاگەیاندندا پێویستە فۆکسی بخرێتە سەر یەکگووتارییە، چونکە پەتایەکە جیهانییە و پێویستە یەکگوتاریی نیشتمانی و گوتاری هۆشیاریی گشتی هەبێت و دوور بێت لە گەورەکردنەوەی زیاتر لە قەبارەی خۆی  و کار بکەن بۆ ئارامکردنەوەی دەروونی خەڵک و فۆکس و تیشک لەسەر هەواڵ و کارە دڵخۆشکەرەکان بێت، بۆ نموونە ئەوانەی لە نەخۆشییەکە چاک بوونەتەوە پێویستە ئاستی هۆشیاریی تاکی کورد بەرز بکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە."

بە گوتەی ئەم پسپۆڕەی ڕاگەیاندن، پێویستە ڕاگەیاندن ببێتە مینبەری ڕینماییەکان و ڕاسپاردەکانی حکوومەت و دەسەڵات و کەرتی تەندروستی بە شێوەیەکی خێرا  و بە بەرنامە کارەکانیان بۆ تەندروستی تەرخان بکەن بۆ ئەوەی ڕووماڵێکی تەندروستیان هەبێت و دوور بێت لە پشێوی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و کار بکەن ورەی خەڵک بەرز بکەن بۆ ئەوەی زیاتر ڕووبەڕووی ئەم پەتایە ببنەوە.

سەرگەتی، دەشڵێ: "پێویستە ڕۆژنامەنووسان ئاسایشی نیشتمانی لەبەرچاو بگرن و پێویستە هەواڵ لە کات و ساتی گونجاودا بڵاو بکەنەوە، چونکە مەرج نییە هەموو زانیارییەکان وەک خۆی بڵاو بکرێنەوە، چونکە هەندێک جار بەهۆی هەواڵێکەوە بارێکی ناتەندروستی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری دروست دەبێت."

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار