٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عه‌لا مه‌كی: هیچ حكوومه‌تێك بێ كورد سه‌ركه‌وتوو نابێت

سەرچاوە: KDP.info

به‌غدا-KDP.info-  سیاسه‌تمه‌دارێكی سوننه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی شیعه‌كان نه‌یانتوانی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران دیاری بكه‌ن، پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و په‌رله‌مان بێنه‌ سه‌رخه‌ت و ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ و حكوومه‌تێك پێک بێنن به ‌به‌شداریی هه‌موو پێكهاته‌كان، چونكه‌ هیچ حکوومەت بێ كورد و سوننه‌ سه‌ركه‌وتوو نابێت.

د. عه‌لا مه‌كی، سیاسه‌تمه‌داری سوننه‌ و سه‌ركرده‌ی پارتی نیشتمانیی عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌مڕۆ دواین ڕۆژ بوو بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران دیاری بكرێت، به‌ڵام نه‌تواندرا یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا تۆپه‌كه‌ له ‌گۆڕه‌پانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی كۆماره‌ و پێویسته‌ ئه‌وپرسه‌ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌."

د. عه‌لا مه‌كی گوتی: "پێویسته‌كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێز بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران دیاری بكرێت كه‌ بتوانێ كیشه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر بكات و كه‌سێک بێت هه‌موو پێكهاته‌كان و خۆپێشانده‌ران پێی ڕازی بن، نه‌ك ته‌نها شیعه‌كان، چونكه‌ ئه‌و ده‌بێته ‌سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌موو عێراق، بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌سێكی وا دیاری بكرێت توانای خزمه‌تكردنی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌بێت."

مه‌كی باسی له‌وه‌ش كرد: "هیچ حکوومەتێك بێ كورد و سوننه‌ پێک نایەت و هه‌ر حکوومەتێكی تاكلایه‌نه‌ پێک بهێنرێت، شكه‌ست ده‌هێنێت و سه‌ركه‌وتوو نابێت، بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌سێك به‌ ڕه‌زامه‌ندیی هه‌موو لایه‌ك بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران دیاری بكرێت."

ئەو سیاسەتمەدارە سوننەیە گوتی: "‌ئێستا كه‌ شیعه‌كان ناتوانن كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاری بكه‌ن، پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و په‌رله‌مان بێنه‌ سه‌رخه‌ت و ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ عێراق به‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ناكرێت له‌مه‌ زیاتر كێشه‌كان قووڵ ببنه‌وه‌."

د. عه‌لا مه‌كی گوتیشی: "هه‌ڵبژاردنیش چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ ناكات، چونكه‌ هه‌ر ئه‌و حزبانه‌ی ئێستا هه‌ن، به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن  دواتر حکوومەت پێک دێنن، بۆیه‌ باشتر وایه‌ حکوومەتێك به ‌به‌شداریی هه‌موو پێكهاته‌كان پێک بهێنرێت."

 

هەواڵی پەیوەندیدار