ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكان: وەڵامی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەدەینەوە
__2020_03_16_h16m13s19__ER.jpg)
هەولێر–KDP.info- ڕۆژی ١١/٣/٢٠٢٠ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان بڵاو كردەوە. لە بەشێكی ڕاپۆتەكەدا چەند سەرنج و تێبینییەك دەربارەی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق و هەرێمی كوردستان خراوەنەتە ڕوو، وەك بوونی زیندانیی نهێنی، ڕێوشوێنەكانی دەستگیركردن، ئەشكەنجەدانی گیراوانی داعش، ڕەوشی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم و چەند بابەتێكی دیكە.
لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا یەكێكە لە ڕاپۆرتە گرنگەكانی تایبەت بە ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان كە چەندین تەوەری تایبەت لەم ڕووەوە دەخاتە ڕوو، ڕاپۆرتەكە ستایشی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم دەكات، بەتایبەتی لەبارەی ئاوارە و پەنابەرانەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بەشێك لەو تێبینیانە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم مامەڵەی لەگەڵدا كردوون، هەروەها سەرچاوەكانیش.
دیندار زێباری زیاتر سەبارەت بە ڕێوشوێنەكانی دەستگیركردن و بوونی زیندانی نهێنی لە هەرێم گوتی: "هەركەسێك دەستگیر بكرێ بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێ و گشت ڕێوشوێنەكانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، هەروەها دوای دەستگیركردنیشی مافە یاساییەكانی خۆیان هەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەكان، بۆیە ڕیگری لە هیچ كەسێك ناكرێت و هەموو كەسێك كە دەستگیر دەكرێت، دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران و داواكراوان بەپێی یاسای بنەماكانی دادگاییكردنی سزای (قانون اصول محاكمات الجزائیە) ژمارە (٢٣) ساڵی (١٩٧١)ی هەمواركراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ. ڕێكارەكانیش بریتین لە سەلماندنی كەسایەتی داواكراو و گومانلێكراو و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەكان، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە هیچ زیندان و گرتووخانەیەكی نهێنیی نییە."
دەربارەی دەستگیركردنی ئەو مێردمنداڵانەی كە پەیوەندییان لەگەڵ تیرۆیستانی داعش هەبووە، ڕوونی كردەوە كە هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت، لە هەمان كاتدا تۆمەتبار مافی هەیە پارێزەرێك ئامادە بكات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بكات و ئاگاداری كەسوكاری دەكرێتەوە كە ناوبراو گیراوە دواتر كەیسەكە ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی بەپێی یاسا. ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە و گومانیان لێ دەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەك قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، نەك تاوانبار. هەروەها بەپێی چەند ڕێوشوێنێك كە دەزگا پەیوەندیدارەكان ڕێكی دەخەن، ڕێكخراوە مرۆییەكان دەتوانن سەردانی گیراوان بكەن و چاویان پێیان بكەوێت.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكان تیشكی خستە سەر ئەشكەنجەدانی گیراوان و گوتی: بەپێی یاسا ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بە شێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت، بە هیچ شێوەیەك ڕێگا نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس ڕاگیراوان ئەشكەنجە بدەن، بەپێی ماددەی (333) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەمواركراو و هەر تۆمەتبارێك لە كاتی لێكۆڵینەوە ئەشكەنجە درابێت لە ڕووی یاساییەوە مافی هەیە سكاڵا تۆمار بكات، بەڵام تا ئێستا هیچ سكاڵایەك دژی دەزگا ئەمنییەكان لەلایەن گیراوانەوە نەبووە.
سەبارەت بە دۆخی ئاوارە و پەنابەران ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان گوتی: كەمپەکان لەلایەن پۆلیس و ئاسایش پارێزراون و تاوەکو ئێستا هیچ مەترسیەک لەسەر ژیانى ئاوارەكان نییه، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە هیچ مامەڵەی خراپیان لەگەڵ نەکراوە، ئەوەی پەیوەست بێت بە گەڕانەوەی ئاوارەكان پێویستە بەر لە گەڕانەوەی ئاوارەكان، زەمینەیەكی لەبار لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە بڕەخسێنرێت. حكوومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەدایە هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بكرێت بە مەبەستی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان، بەڵام دانیشتووانی بەشێك لەو ناوچانە بەهۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی ئەمنی و بوونی مینی چێندراو لەو ناوچانە، ئەستەمە بتوانن بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە، بۆیە سەرەتا پێویستە ئەو ناوچانە لەو مینە چێندراوانە پاك بكرێنەوە و سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكانیان لە ئاوی پاك، فریاكەوتنی سەرەتایی، خوێندن و كارەبایان بۆ دابین بكرێت، هەروەها پێویستە هەوڵەکانی هەموو لایەک بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا چڕ بکرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بودجەی تایبەت بە یارمەتیدانی ڕاگوێزراوان لە چەند کەرتێک بە ڕێژەی (٥٠%) کەم کرایەوە کە کارێگەرییەکی زۆری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان هەبووه“.
زێباری سەبارەت بە ڕەوشی منداڵان و ئافرەتان گوتی: "سواڵکردنى منداڵان بەپێى یاساى چاودێرى نەوجەوانان ژمارە 76ـى ساڵى 1983ـى هەموارکراو، بە تاوان هەژمار دەکرێت، بۆیە هەر منداڵێک ئەو کارەى پێ بکرێت بەپێى یاسا تووشی لێپرسینەوەی قانوونى دەبێت، لەگەڵ ئەو کەس و لایەنەش کە هانى ئەو منداڵەى داوە. ئەمەش ئەرکى بەدواداچوون کەوتۆتە سەر داواکارى گشتى، دەبێت بەردەوام متابعەى بکات و لەگەڵ قایمقامییەت کار بکەن بۆ نەهێشتنى ئەم دیاردەیە.
سەبارەت بە یەكسانیی جێندەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆری ناوە، لەوانە یاسای نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٨)ی ساڵی 2011 و هەموارکردنەوەی چەندین یاسا و دەرکردنی ڕێنماییی تایبەت، کە هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندان، لەوانەش هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی، لە کایە سیاسییەکان وەک پەرلەمان و حکوومەت، بۆ یەکەم جارە لە عێراق و هەرێم لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دوو ئافرەت هەیە، ئەوانیش سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، هەروەها لە حکوومەتیشدا سێ ئافرەت پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، لە لایەکی دیکەوە (30) دادوەری سزادان و (56) داواکاری گشتی و (31) دادوەری پێداچوونەوە و (94) لێکۆڵەری دادی و (289) یاریدەدەری لێکۆڵەری دادی لە هەرێمی کوردستان ئافرەتن، جگە لەمانە بە دەیان ڕێکخراو و دەزگای تایبەت بە بەرگریکردن لە ئافرەتان بوونیان هەیە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: "هێزی ئاسایشى ههرێمى كوردستان به بڕیارى پهرلهمانى كوردستان له ساڵى 2004 و 2011دا كاروبارەكانیان بهپێى یاسا ڕێك خراوە، لهبهر ئهوە ئهم دەزگایانه به شێوەیهكى شهرعی بهشێكن له پێكهاته فهرمیهكانى ههرێمى كوردستان و كار بۆ پاراستنى ههرێمى كوردستان و هاووڵاتیانى ههرێمهكه دەکەن له ههڕەشهكان."
لە كۆتاییی لێدوانەكەیدا، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتى: لە داهاتوودا وەڵامی تێروتەسەلی ڕاپۆرتی ناوبراو دەدەینەوە.




