٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھاووڵاتیانی دھۆک پشتگیریی بڕیارەکانی حکوومەت بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا دەکەن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین بڕیار و ڕێنماییی بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکردووە و ھاووڵاتیانی سنووری پارێزگای دھۆکیش پشتگیریی ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەکەن و پارێزگاری دھۆکیش دەڵێ، ھیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە دھۆک تۆمار نەکراوە.

ڕۆژنامەڤان، سالار دۆسکی، بۆ مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵکی پارێزگای دھۆک وەک ھەنگاوی خۆپارێزی زیاتر لە ھەموو ناوچەکانی دیکە پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەتن، بەتایبەتی تا ئێستا کۆرۆنا نەگەیشتووەتە سنووری دھۆک، ھەرچەندە ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستان تووش بوونە بە کەسی خۆمانیان دەزانین، بەڵام مادام تا ئێستا نەگەیشتووەتە دھۆک پێویستە ڕێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێن."

ئەو ڕۆژنامەڤانە دەڵێت؛ "پشتگیریی ھەموو بڕیارەکانی حکوومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازین ڕێکاری توندتر بگرنە بەر بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانی ئێمە تووشی کۆرۆنا نەبن و چەندی بڕیار دەربکرێن و ڕێکاری خۆپارێزی جێبەجێ بکرێن ھەر کەمە."

ئەحمەد عەبدوڵڵا، دانیشتووی شاری دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ڕەوشەکە پێویستی بە ھیممەتی ھەموومانە، حکوومەت ڕێکاری باشی گرتووەتە بەر و پێویستە ئێمەی ھاووڵاتیش بەشدار بین لەو ئەرکە سەختە، چونکە پاراستنی ژیانی یەک ھاووڵاتی بۆ ئێمە زۆرە، لەبەر ئەوە پشتگیریی بڕیارەکان دەکەم و پابەندی ڕێنماییەکان دەبین."

فەرھاد ئەترووشی، پارێزگاری دھۆک، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: "زانیاریی ھەندێ دەزگای ڕاگەیاندن دوورن لە ڕاستی و ھیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دھۆک تۆمار نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە پشکنین بۆ ھاووڵاتیان ئەنجام دەدرێت و ھەر گومانێک ھەبێت دەزگای تەندروستی ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات."

پارێزگاری دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لەسەر ئاستی ھەرێم دەرکراون، لەپێناو سەلامەتیی ژیان و گیانی ھاووڵاتیانی دھۆکدا ھەر ڕێکارێکی پێویست ھەبێت دەیگرینەبەر بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان پارێزراو بن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە ھەموو ھەوڵێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی ھاووڵاتیانە."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار