٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن: داعش ھاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان دەکاتە ئامانج

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چەند ڕۆژێکە چەکدارانی داعش لە سنووری ناوچە کوردستانییەکان ھاووڵاتیانی کورد دەڕفێنن و لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەدا ئازادیان دەکەن. بەرپرسێکی پارتیش لە کەرکووک و گەرمیان پێی وایە، ھاووڵاتیانی کورد دەکرێنە ئامانج و کەسابەتیان پێوە دەکرێت.

دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەکدارانی سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش جووڵەی زیاتریان لە عێراق پەیدا کردووە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەروبەری کەرکووک ڕۆژانە دەچنە سەر دێھاتە کوردنشینەکان و خەڵکی ئێمە دەستگیر دەکەن و شەھیدیان دەکەن."

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "بەداخەوە ڕەوشەکە گەیشتووەتە ئاستێک کەسابەت بە ھاووڵاتیانی کوردەوە دەکرێت و دوای دەستگیرکردن بەرامبەر بە پارەیەکی زۆر ئازاد دەکرێن، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی ڕفاندنی ھاووڵاتیانی کورد و ئازادکردنیان بەرامبەر بە پارە ڕووی داوە."

دیاری حوسێن ڕوونی کردەوە: "ناوچەکە لەو ئاڵۆزیەی تێیدا پەیدا بووە، ھەر لە تەعریبەوە تا جووڵەی داعش، ئارامی بەخۆیەوە نابینێ، چونکە گەڕانەوەی سەقامگیریی ناوچە کوردستانییەکان پەیوەستە بە گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، واتە تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە پێشبینی ناکەین ڕەوش لەوە باشتر بێت."

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار