٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

موحسین سەعدوون: پێویستە سەرجەم فڕاكسیۆنە كوردییەكان پشتگیری لە فڕاكسیۆنی پارتی بكەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیعێراق گوتی، هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان كارێكی نایاساییە بە شێوەی ئێستا، بۆیە دادگا لە بەرژەوەندی فڕاكسیۆنی پارتی بڕیار دەدات و یاساكە رەوانەی پەرەله‌مان دەكاتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە سەرجەم فڕاكسیۆنە كوردییەكان پشتگیری لە فڕاكسیۆنی پارتی بكەن.

موحسین سەعدوون، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیعێراق و شارەزای یاسایی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لە دژی هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان تۆمار كردووە و بڕیارە لەم چەند رۆژەدا یەكلا بكرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەمواركردنەوەكە نایاساییە، لە بەرژەوەندیی كورد یەكلا دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی دووبارە هەوار بكرێتەوە.

 سەرۆكی لیژنەی یاسایی ئاشكرای كرد، بەپێی یاسا هەر هاووڵاتییەك لە عێراق مافی ئەوەی هەیە كە دەنگ بدات و پێویستە حكوومەتیش هەموو ئاسانكارییەكی بۆ بكات، بەڵام بەپێی ئەو یاسایە، كە پەرلەمان هەمواری كردووەتەوە، مەرج بۆ ئاوارەكان دانراوە لە ماددەی 16ی هەمواری یاساكەدا بەوەی كە ئەگەر نەگەڕێنەوە بێبەش دەبن لە دەنگدان و حكوومەتیش هیچی بۆیان نەكردووە تاوەكو بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان، چونكە نە خزمەتگوزاری هەیە و نە ئەمنیەت، بۆیە ئەمە وا دەكات كە دادگا لە بەرژەوەندیی فراكسیۆنی پارتی بڕیار بدات و دووبارە یاساكە هەموار بكرێتەوە و هەموو هاووڵاتیان بێ جیاوازی و بێ مەرج مافی دەنگدانیان هەبێت، چونكە ئەوەی پەرلەمان كردوویەتی، پێشێلكردنی یاسا و ئازادیی مافی مرۆڤە.

سەعدوون گوتیشی، بەپێی یاسا نەك هاووڵاتیانی ناو عێراق، بگرە هاووڵاتیانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتیش مافی دەنگدانیان هەیە و پێویستە دەنگی خۆیان بدەن، بۆیە ئەو هەموارە سەركەوتوو نابێت و پێویستە گۆڕانكاری تێدا بكرێت.

ناوبراو دەشڵێ، پێویستە فڕاكسیۆنە كوردییەكان هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی ئەو یاسایە هەموار بكرێتەوە، چونكە بەو شێوەیە جێبەجێ بكرێت، زیانی زۆر لە كورد دەدات و دەنگەكانی كورد كەم دەكات، هه‌ر بۆیە پێویستە فڕاكسیۆنەكانی دیكەش هاوشێوەی پارتی پشتگیری لێ بكەن بۆ ئەوەی هەموار بكرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، بە هیچ شێوەیەك نابێت مافی ئاوارەكان بخورێت و لە دەنگدان بێبەش بكرێن، چونكە حكوومەت هاوكارییان ناكات، جا چۆن ئۆتۆمبێلیان بۆ دابین دەكات بۆ ئەوەی لە هەرێم بچن لە شوێنەكانی خۆیان دەنگ بدەن، بۆیە پێویستە ئەمە چارەسەر بكرێت.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار